زیاتر لە 23٪ـی ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەیە، ناتوانن دەنگ بدەن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆى ئەوەى کارتى بایۆمەترییان دەرنەهێناوە، زیاتر لە 23٪ـی ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەیە، ناتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا بکەن، کە 14.1%ـی تێکڕاى ژمارەى دانیشتووان دەکات.
بەگوێرەى ئەو ئامارانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە دەستى کەوتوون، لە کۆی زیاتر لە شەش ملیۆن و 300 هەزار هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان، سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام هەموویان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرنەهێناوە.
ئامارەکەى کۆمیسیۆن ئاماژە بەوە دەکات دوو ملیۆن و 900 هەزار و 865 دەنگدەر لە هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێناوە و، دەتوانن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەشدار بن.
بەو پێیە 888 هەزار و 495 هاونیشتمانى هەرێمى کوردستان کە مافى دەنگدانیان هەیە، ناتوانن بەشدارى هەڵبژاردن بکەن بەهۆى ئەوەى کارتى بایۆمەترییان نییە. ئەوانەش 23.4%ـی تێکڕاى ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە مافى دەنگانیان هەیە، 14.1%ـی تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستانن.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو کەسانەى لە هەرێمى کوردستان پێشتر کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرنەهێناوە، ناتوانن ئەو کارتانە دەربهێنن، لەبەرئەوەى کۆمیسیۆن ئەو پرۆسەیەى راگرتووە."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ یەکەمجار بە چوار بازنە و بە سیستمى ئەلیکترۆنى دەکرێت، کە پێویستى بە کارتى بایۆمەترییە.
جومانە غەلاى گوتى "دەبێت جارێکى دیکە کۆمیسیۆن دەرگاى تۆمار و نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و دەرهێنانى کارتى بایۆمەترى بکاتەوە، ئەو کاتە ئەو دەنگدەرانەى ئەو کارتەیان نییە، دەتوانن مامەڵەکانیان بکەن، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە چ کاتێک ئەو تۆمارە لە دواى هەڵبژاردن دەستپێدەکاتەوە."
20ـی تشرینى یەکەم بۆ رۆژى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە، نرخى کورسی و دەنگى پێویست بۆ هەر کورسییەکى پەرلەمان، بەگوێرەى دەنگى راستەقینەى بەشداربووانى دەنگدان دەبێت.
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـی کانوونی یەکەمى 2023، دوایین هەڵبژاردن بوو کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان سەرپەرشتیی کرد.
ئەو کاتە لە عێراق و هەرێمى کوردستان، 19 ملیۆن و 800 هەزار کەس کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەبوو، لەکاتێکدا زیاتر لە 23 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەوەش نزیکەى چوار ملیۆن کەس بەهۆى نەبوونى کارتى بایۆمەترییەوە نەیاتوانى دەنگ بدەن.
رێژەى بەشدارى لەو هەڵبژاردنە لە 14 پارێزگاى عێراق و کەرکووک، 41% بوو، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس بەشداریی دەنگدانیان کردبوو، بەو پێیەى جگە لە چوار ملیۆن دەگدەر کە کارتیان نەبوو، نزیکەى چوار ملیۆنى دیکەش بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردبوو.