لە سۆران لە کڕکڕاگەی پەراسووەکانی نەخۆشێک، گوێچکەی بۆ دروستدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

کچێکی تەمەن 12 ساڵ لە سۆران کە هەر لە سکماکەوە یەکێ لە گوێچکەکانی نەبووە، لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە و لە کڕکڕاگەی پەراسووەکانی گوێچکەیەکی دیکەی بۆ دروستکرا.
 
کچە مێرمنداڵەکە ناوی رەڤینە و بە دڵخۆشی و پێکەنینەوە چووە نێو هۆڵی نەشتەرگەری. باوکی رەڤین بۆ بینینەوەی کچەکەی بە تەندروستییەکی باش و رووخسارێکی رێکتر، تاوەکو نەشتەرگەرییەکە تەواو بوو، بەردەم هۆڵەکەی جێنەهێشت.
 
محەممەد ئەحمەد، باوکی رەڤین بە رووداوی گوت "کچەکەم لە سکماکەوە گوێیەکی نەبوو، زۆر دکتۆرمان کرد و سەردانی دکتۆر کازمیشمان کرد. دکتۆر کازم گوتی بیهێنە و نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکەم.''
 
ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بۆ یەکەمجارە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێت.
 
ئازاد ساڵح، بەرپرسی کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران دەڵێ "پیش مانگێک نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی ددانمان لێرە ئەنجامدا، کە پیشتر ئەو نەشتەرگەریانە زۆرتر لە هەولێر دەکران و، ئەمڕۆ خۆشبەختانە نەشتەرگەریەکی جوانکاری لە نەخۆشخانەی ئاشتی ئەنجام دەدرێت کە بۆ یەکەم جارە لێرە بکرێت.''
 
هەروەها گوتی ''دوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی لە سۆران، پلان و بەرنامەمان هەیە، کە ئەو چارەسەرییانەی پیشتر لێرە نەدەکران، لەمەودوا بیانکەین.''
 
نەشتەرگەرییەکەی رەڤین ئاسان نییە و شەش کاژێری خایاند، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لەگەڵ دکتۆر کازم، ستافێکی دیکەش لە دکتۆر و سڕکەر کاریان کرد.
 
بە کۆتاییهاتنی نەشتەرگەرییەکە، رەڤین بووە خاوەنی گوێچکەیەک کە لەگەڵ گوێچکەکەی دیکە لەڕووی شێوەوە جیاناکرێتەوە.
 
دکتۆر کازم کاکەوەیس، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، بە رووداوی گوت "سوپاس بۆ خوا نەشتەرگەرییەکە بە جوانی و سەرکەوتوویی کۆتایی هات. پاش چەند مانگێکی دیکە هەنگاوێکی دیکە ماوە کە ئاسانترە لەو هەنگاوەی ئێستا و بەویستی خوا (رەڤین) دەبێتە خاوەنی گوێچکەیەکی جوان و ئەوەی دامنابوو زۆر جوان هاتووە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دامنابوو.''
 
لەنێو نەخۆشخانە و لەبەردەم نەخۆشخانەش، خزم و کەسوکاری رەڤین هەمووان ئامادەبوون و بە سەرکەوتنی لە نەشتەرگەریەکە، هەمووان دڵخۆش بوون.