لە نەرویج داوای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

لە نەرویج، بەشێک لەو کەسانەی لە تەمەنی خانەنشینی نزیکبوونەتەوە، ئامادەنین دەستبەرداری کارەکانیان ببن و دەڵێن، دەبێت حکومەت ئەو تەمەنە زیاد بکات بۆ ئەوەی وڵاتەکە پێویستی بە دەستی کاری زیاتر نەبێت.
 
ماریت ئەنگڤیت، ژنێکی تەمەن 73 ساڵەی نەرویجییە، لە ساڵی 1974ـەوە لە کەرتی تەندروستی دامەزراوە و لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئۆسڵۆ وەکو پزیشکی ژنان کار دەکات؛ دوای 49 ساڵ، هەر بەردەوامە لە کارکردن و نایەوێت خانەنشین بێت، بەڵام بەگوێرەی یاسای وڵاتەکەی، تەنیا دەتوانێت ساڵێکی دیکە لە کارەکەی بەردەوام بێت.
 
پزیشکە نەرویجییەکە دەڵێت، "ئێمە بە ئاسانی واز ناهێنین؛ پێموایە کە ئێمە زیاتر لە باوانمان بە گەنجتر دەمێنینەوە و لەڕووی جەستەیشەوە بەراورد بە باوانمان ئەوەندە ماندوو نین".
 
خەڵکێکی زۆر هەن لە نەرویج کە تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی، بەڵام نایانەوێت خانەنشین بن، بۆیە داوا دەکرێت حکومەتی نەرویج تەمەنی خانەنشینی بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ئارەزوویان هەیە لە کارکردن بەردەوام بن و، رێگەش لە کەمبوونەوەی دەستی کار لەو وڵاتە بگیرێت.
 
کاری ئۆستێرود، بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەتی بەسەڵاچووان لە نەرویج، لەبارەی تەمەنی خانەنشینییەوە دەڵێت، "ئاڵنگارییەکە ئەوەیە؛ بتوانیت وا لە خەڵک بکەیت تاوەکو تەمەنی 65، 66 و 67 ساڵی کاربکەن، ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە تەمەنی سەرووی 62 ساڵییەوە خانەنشین دەبن، هەروەها تەنیا 40٪ـی ئەو کەسانەی تەمەنیان 65 ساڵە کار دەکەن."
 
بەپێی یاسای خانەنشینیی نەرویج، تەمەنی خانەنشینی لەنێوان 62 تاوەکو 75 ساڵی دیاریکراوە؛ واتە لە تەمەنی 62 ساڵی خەڵک مافی ئەوەیان هەیە خانەنشین بن و ئەگەر تەمەنیشیان گەیشتە سەروو 75 ساڵ، حکومەت رێگەیان پێنادات کار بکەن و بەزۆر خانەنشینیان دەکات.