لەگەڵ رەنج؛ "مەترسیی دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی حەمدانیە لە هەرێمی کوردستان هەیە"

رووداو دیجیتاڵ 

راهێنەرێکی بواری سەلامەتی دەڵێت، بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی، مەترسیی دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی حەمدانییە لە هەرێمی کوردستان هەیە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ‏سلێمانی دەڵێت، 28 وەبەرهێنەریان داوەتە دادگە بەهۆی رەچاونەکردنی مەرجەکانی سەلامەتیی پەیوەست بە ئاگرکەوتنەوە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا و لە ساڵی 2017ـەوە 75 شوێنیان لەبەر نەبوونی مەرجی سەلامەتی داخستووە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی هەڤاڵ محەممەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی سەلامەتی؛ ‏حیدەر ئەحمەد، مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری لە ‏زانكۆی سەڵاحەدین؛ رێكان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ‏سلێمانی و شوان كەمال، پسپۆر و راهێنەر لە بواری سەلامەتی تاوتوێی چۆنییەتی توندوتۆڵکردنی مەرجەکانی سەلامەتی ئاگر لەنێو باڵەخانە و هۆڵەکانیان کرد.

 

 
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی لە 10 مانگی ئەم ساڵ لە هەولێر هەزار و 656 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە کە 470 ئاگرکەوتنەوە لە پووش و پاوان و 264 ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان بووە و 242‏ ئۆتۆمبێلیش ئاگریان گرتووە. لە پارێزگای سلێمانیش لەو 10 مانگەدا سێ هەزار و 595 ئاگرکەوتنەوە روویداوە کە دوو هەزار 17 ئاگرکەوتنەوە لە پووش و پاوانەکان بووە و 285 ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان بووە و 164 ئۆتۆمبێلیش ئاگریان گرتووە.
 
یاساکانی بەرگریی شارستانی کۆنن
 
رێكان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ‏سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە رێنماییە کۆنەکانی حکومەتی عێراقی کار دەکەن کە ئەو رێنماییانە بۆ ئێستا گونجاو نین، هەرچەند کۆمەڵێک کۆدی سەلامەتییان تێدایە، بەڵام ئەپدەیت نەکراونەتەوە، ئێستا یاسای بەرگریی شارستانی لە پەرلەمانی عێراق خراوەتە بەرنامەی کار و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە".
 
سەپاندنی مەرجەکانی سەلامەتی ئاگر لە باڵەخانەکان لە عێراق 13 ساڵە توندوتۆڵ کراون و بە گوتەی رێکان جەمال، "پێش رووداوەکەی هۆتێل سۆما لە تەممووزی 2010 هیچ مەرجێکی سەلامەتیی ئاگر لە هیچ باڵەخانەیەکدا نەبوو، دانانی پەیژەی دەرچوون یەک لەو رێنماییانە بوو کە لەدوای ئەو رووداوە بەسەر شوێنە گشتییەکاندا سەپێنرا."
 
 
"28 وەبەرهێن دراونەتە دادگا و 75 شوێنیش داخراون"
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ‏سلێمانی دەڵێت، لە قایمقامیەتی سلێمانییەوە 28 وەبەرهێن لەسەر مەرجەکانی سەلامەتی ئاگر دراونەتە دادگە و لە رێگەی دادگەوە گوشارمان لەسەر دروستکردوون بۆ ئەوەی لە سیتییەکان سیستمی سەلامەتیی ئاگر بە شێوەی ستاندارد دابنێنەوە."
 
وەکو رێکان جەمال ئاماژەی پێدەدات، "لە ساڵی 2017 و 2018 دوو لیژنە لە قایمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی دروستبوون کە یەکێکیان بۆ بەدواداچوونی سەلامەتی لە باڵەخانەکان و یەکیان بۆ سیستمی گازە، لەوکاتەوە نۆ هەزار و 286 شوێن لەلایەن لیژنەی پشکنینی سەلامەتی باڵەخانەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە و لەو ژمارەیە دوو هەزار و 10 شوێن ئاگادارکراونەتەوە و 75 شوێنیش داخراون".
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی سلێمانی، لە پارێزگای سلێمانی لەو 10 مانگەدا سێ هەزار و 595 ئاگرکەوتنەوە روویداوە کە دوو هەزار 17 ئاگرکەوتنەوە لە پووش و پاوانەکان بووە و 285 ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان بووە و 164 ئۆتۆمبێلیش ئاگریان گرتووە.
 
رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی "گشتین و نەچووەتە نێو وردەکارییەوە"
 
هەڤاڵ محەممەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی سەلامەتی پێیوایە، سیستمی ئاگرکوژێنەوە لە کوردستان هەیە، بەڵام "لاوازە"، سەلامەتیی سیستم لە باڵەخانەکان بەستراوەتەوە بە ویژدانی وەبەرهێنەرەکە، لەبەر ئەوەی "لەلایەن حکومەتەوە چاودێری نییە".
 
ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەکات کە رێنماییەکی گشتی بۆ سەلامەتی ئاگر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام گشتگیرانە باسی رێنماییەکان دەکات و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ورد نەبووەتەوە نێو بابەتەکان، لە وڵاتانی پێشکەوتوو کۆد و ستاندارد هەیە و بە رێنمایی کار ناکرێت، ئەو کۆدانە لە کوردستان نییە، بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەک سێ هەزار کۆد هەیە دەبێ رەچاوبکرێت و دوای تەواوبوونی باڵەخانەکەش لیژنەیەک پشکنین دەکات بۆ ئەو کەرەستانەی تێیدا بەکارهاتووە و سیستمی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە، ئینجا رێگە بە بەکارهێنانی باڵەخانەکە دەدرێت".
 
هەڤاڵ محەممەد دووپاتیدەکاتەوە، "لە رێنماییەکانی حکومەتدا باس لەوە نەکراوە باڵەخانە گشتییەکان بە چ کەرەستەیەک دروستبکرێن بۆ ئەوەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە کەمتر بکەنەوە و تەنانەت باسی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکان هەر نەکراوە، تەنانەت نەیانتوانیوە پێناسەی زانستی بۆ وشەکانیش بکەن، گرفتەکەش ئەوەیە بۆچوونی خەڵکی پسپۆڕی ئەم بوارە وەرناگیرێت".
 
"مەترسی دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی حەمدانیە لە هەرێمی کوردستان هەیە"
 
هەڤاڵ محەممەد دەڵێت: "ئەو رووداوەی لە حەمدانیە روویدا، مەترسی هەیە لەوە خراپتر لە هەولێر رووبدات، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو هۆڵانەی بۆ ئاهەنگگێڕان بەکاردێن، هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە، هەم لەڕووی رێگریکردن لە روودانی ئاگر و هەم ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنی هۆڵەکەدا بەکارهاتوون، دواتریش کە ئاگر کەوتەوە، چۆن خەڵکەکە ببرێنە دەرەوە، بۆیەش هەولێر بە نموونە دەهێنمەوە لەبەر ئەوەی پایتەختە، ئەگەر هەولێر بەم شێوەیە بێت، دەبێ شوێنە دوورەدەستەکان بە چ شێوەیەک بن؟".
 
ئەو پسپۆڕەی بواری سەلامەتی پێیوایە تەنیا دانانی سیستمی ئاگرکوژێنەوە بۆ باڵەخانەیەک بەس نییە، وەکو روونیدەکاتەوە: "دەیان وردەکاری هەن پێماندەڵێ ئەو سیستمە چۆن دابنرێت یاخود ئەو هەستەوەرەی لەناو باڵەخانەکە دادەنرێت کاتێک ئاگر دروستبوو سیستمەکە چالاک بکات، لەوەشدا دەیان براند لە بازاڕەکان هەن کە یان فەیکن، یان بە دروستی کار ناکەن".
 
هەڤاڵ محەممەد دەشڵێت؛ "لە کوردستان باڵەخانە هەیە مۆڵەتی کۆگەی پێ دراوە و بە تایبەتمەندیی کۆگا دروستکراوە، بەڵام دواتر کراوە بە هۆڵی ئاهەنگ و هیچ رێکارێکی بۆ گۆڕینی رەگەزی باڵەخانەکە نەگرتووەتەبەر، تەنانەت ئەگەر لیژنەی بەرگریی شارستانی راپۆرتێک لەسەر ئەو بابەتە بەرز بکاتەوە، لایەنێکی سیاسی لە حکومەتدا نییە پشتگیری لەو لیژنەیە بکات".
 
 
بەشێک لە کەرەستەکانی بیناسازی "مەترسی کەوتنەوەی ئاگر دروستدەکەن"
 
‏حەیدەر ئەحمەد، مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری لە ‏زانكۆی سەڵاحەدین گوتی: "بەشێک لە باڵەخانەکان کە دروستدەکرێن لەسەر نەخشە سیستمی سەلامەتیی ئاگریان ستاندارد و باشە، بەڵام لەکاتی دروستکردنی باڵەخانەکەدا جێبەجێ ناکرێت، بۆ نموونە رێنماییەکانی ئەندازیاری کارەبا پەیڕەو ناکەن و کۆمەڵێک وایەر و گڵۆپ بەکار دەهێنن کە هەر خۆیان هۆکارن بۆ کەوتنەوەی ئاگر".
 
ئەو مامۆستایە دەڵێت؛ "هەندێک گڵۆپی سەقف لە کوردستان بەکاردەهێنرێت کە لەکاتی کارکردندا گەرمییەکەی دەگاتە 74 پلە، ئینجا ئەو گڵۆپە لەنێو سەقفێکی پلاستیکیدا دادەنرێت و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەوتنەوەی ئاگر".
 
بە گوتەی حەیدەر ئەحمەد؛ "وایەر لەناو بازاڕ هەیە لێی نووسراوە 2 بە 2.5، بەڵام کاتێک پشکنینمان بۆی کردووە 1.4 بووە، لەم جۆرە کێبڵ و وایەرانە لەنێو بازاڕەکانی کوردستاندا زۆرن، خەڵک متمانە بە نووسراوەکەی سەریان دەکات و بۆ نموونە سپلیتی پێ دەبەستێت کە پێویستی بە کێبڵی ئەستوورە، بەڵام دواتر دەبینین دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەسات".
 
پەیژەکانی دەرچوونی خێرا "مەرجی سەلامەتییان تێدانییە"
 
راهێنەرێکی بواری سەلامەتی رەخنە لە شێوەی دانانی ئەو پەیژانە دەکات کە لە باڵەخانەکاندا بۆ دەرچوونی خێرا لەکاتی ئاگرکەوتنەوە یان هەر رووداوێکی دیکە دادەنرێن و پێیوایە "ئەو پەیژانە بە جۆرێک دروستکراون، شیاوی بەکارهێنان نین".
 
شوان كەمال، پسپۆرو ڕاهێنەر لەبواری سەلامەتی دەڵێت: "بە سەدان هۆتێل و شوێنی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەن کە مەرجەکانی سەلامەتییان لەڕووی ئاگرکەوتنەوە تێدا نییە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیش کە سەردانیان دەکەن، تەنیا لەوە دەکۆڵنەوە ئاخۆ سیستمی ئاگرکوژێنەوەیان هەیە یان نا، لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگر، وەکو کارەبا و گەرمکەرەوە و بابەتەکانی دیکەیان ناپێچنەوە".
 
وەکو شوان کەمال ئاماژەی پێدەدات؛ "بەرگریی شارستانی شوێنە گشتییەکانی ناچار نەکردووە رێبەرێکیان هەبێت بۆ دەربازبوون لە کاتی ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێت چۆن دەتوانن خۆیان دەرباز بکەن، هەندێک لە باڵەخانە و هۆتێلەکان پەیژەی دەرچوونیان دروستکردووە کە نەک خەڵک، سپایدەرمانیش ناتوانێ پێیدا بچێتە خوارەوە".
 
ئەو راهێنەرە دەشڵێت: "بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی پەیژەی کردووەتە مەرج بۆ باڵەخانەکان، بەڵام لەوە ناپێچێتەوە ئەو پەیژەیەی دادەنرێ ئاخۆ خەڵک دەتوانێ هاتووچۆی پێدا بکات، لە شوێنێکی سەلامەت دانراوە یان ئەو پەیژەیە رووناکی هەیە؟" هاوکات وێنەی پەیژەیەکی لەسەر باڵەخانەیەک گرتبوو کە راستەوڕاست و بەبێ ئەوەی چواردەوری بۆ کرابێت، لە باڵەخانەکە شۆڕکرابوویەوە".
 
لە بەرامبەردا رێكان جەمال، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ‏سلێمانی رایگەیاند، لەدوای ساڵی 2010 مۆڵەتیان نەداوە بە هیچ باڵەخانە و شوێنێکی گشتی ئەگەر مەرجەکانی سەلامەتی ئاگری رەچاو نەکردبێت و گوتیشی، "کۆمەڵێک مەرجمان بۆ دانانی پەیژەی دەربازبوون لە باڵەخانەکان داناوە کە دەبێ لە کوێ دابنرێت و بە چ شێوەیەکیش دروستبکرێت".