لە ورمێ وەرزی رنینەوەی سێوە؛ ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە پایتەختی سێو لە ئێران، باخە سێوەکانی ورمێ نێوبانگێکی زۆریان پەیداکردووە، ئێستا وەرزی رنین، کۆکردنەوە، لە سندووقکردن و بە بازاڕکردنی ئەو میوەیە. کشتوکاڵی ورمێ دەڵێت، بەرهەمی سێو لەم ساڵدا بە یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت.
 
پەروێز ساڵح محەممەدی، خاوەنی باخێکە لە ورمێ باسی کارەکەیان دەکات و دەڵێت، "لەدوای نوێژی بەیانی دەست دەکەین بە سێو لێکردنەوە و هەندێکمان سێوەکان کۆدەکەینەوە، هەندێکی دیکەش دەیکەنە سندووقەوە، هەموومان سەرقاڵ دەبین بە کارەکەمانەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵیی ورمێ بەرهەمی ئەم ساڵی ئەو پارێزگایە بە یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن مەزەندە دەکات. جوتیاران بۆ ئەم ساڵ تا رادەیەک لە بەرهەمەکەیان رازین، وەکو خۆیان دەڵێن کەمئاویی کوالێتیی سێوەکەیانی دابەزاندووە. 
 
عومەر خالیدی، خاوەنی باخێکە لە ناوچەکە، لەبارەی دابەزینی کوالێتی سێوەکەیان دەڵێت، بەرهەمی سێو ئەم ساڵ زۆرە ئەگەر وەکو ساڵی رابردوو نەبێت، کەمتر نییە، بەڵام بەهۆی کەمئاوییەوە کوالێتی سێوەکە وەکو ساڵی رابردوو نییە، لە ورمێ، سێوی کوهستانی جوانترە لە ناوچەکانی پیرانشار و ناوچەکانی دیکە." 
 
گرانبوونی ئەو کەلوپەلانەی لە کاتی رنین و لێکردنەوەی سێودا جوتیاران پێویستیان پێیەتی، ناڕەزایی لای جوتیارانی ورمێ دروست کردووە و کاریگەری لەسەر کارەکەیان دروست کردووە.
 
لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 65 هەزار هێکتار زەویی تەرخانکراوە بۆ بەرهەمهێنانی سێو، ساڵانە ئەو بەرهەمە 110 هەزار هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت، سەرباری ئەوانەش نەبوونی بیمەی کرێکاران ئەرکی خاوەن باخەکانی ورمێی گرانتر کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵیی ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ بەرهەمی سێوی پارێزگاکە باشە و پێشبینی دەکرێت بەشێوەی مامناوەند هەر هێکتارێک 20 تۆن بەرهەمی هەبێت.