هەناردەی دەروازە سنوورییەکانی میهران و پەروێزخان 1.29 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت

01-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی گومرگی ئێران، لە شەش مانگی رابردوودا، لە دەروازە سنوورییەکانی میهران و پەروێزخانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 291 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، قاسم موتەڵەبی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی دەروازەی سنووریی پەروێزخان لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماری هەناردەی شەش مانگی رابردووی ئەو دەروازە سنوورییەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "کۆی گشتیی بازرگانیی دەرەوە لەو سنوورە فەرمییە کە هەناردە، هاوردە و ترانزێت لە خۆ دەگرێت، لە شەش مانگی رابردوودا گەیشتووەتەوە دوو ملیۆن و900 هەزار تۆن کەلوپەل کە بە بەهای 2 ملیار و 460 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا، لە رووی نرخەوە 52٪ و لە رووی کێشەوە 69٪ زیادی کردووە."
 
بە گوتەی قاسم موتەڵەبی، "لەو رێژەیە بڕی یەک ملیۆن و 272 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 469 ملیۆن دۆلار هەناردەی دەرەوە کراوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە  36٪ و لە رووی نرخەوە 18٪ زیادی کردووە."
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە هەناردە کراون، بریتین لە "بەرهەمە پلاستیکییەکان، ئاسن و پوڵا، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، روحوڵڵا غولامی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، "لە شەش مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و 465 هەزار تۆن شتومەک بە بەهای 822 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردە کراوە."
 
بە گوتەی روحوڵڵا غوڵامی، هەناردەی شتوومەک لە رێگەی ئەو دەروازەی سنوورییەی پارێزگای ئیلامەوە "بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوو 12٪ زیادی کردووە."
 
روحوڵڵا غولامی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازەی سنوورییەوە هەناردە کراون بریتین لە "بەرد، کاشی، سیرامیک، ئاسن و پوڵا، بەرهەمە کیمیاییەکان، بەرهەمە پلاستیکییەکان، چیمەنتۆ، شووشە، ئۆتۆمبێل و پارچەکانی."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە