ئاوی شاوێس: ئەمساڵ 15 بیر وشکیان کردووە و ئاوی ژێرزەوییش 50 مەتر دابەزیوە

01-10-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس دەڵێت، ئەمساڵ 15 بیر وشکی کردووە و ئاستی ئاوی ژێرزەوییش نزیکەی 50 مەتر دابەزیوە. دەشڵێت، "نزیکەی 80٪ی هاوبەشانی ئاو پێوەری ئاویان بەستووە."
 
شەمسەدین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس لە پارێزگای هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو گوتی، "بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو، گرفتی کەمئاوییمان کەمبووەتەوە، بەڵام ئەم هەفتەیە گرفتی گەورەمان کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی بووە، چونکە تەنیا 5 بیر کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە."
 
بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس گوتیشی، ئەمساڵ لە سنوورەکەیاندا 15 بیری ئاو وشکیان کردووە و ئاویان نەماوە، ئێستا حەوت بیری نوێ هەڵکەندراون و بەردەوامن لە هەڵکەندنی بیری دیکە. گوتیشی، بەهۆی ئەوەی بەتەواوی پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، ئاستی ئاوی ژێرزەوی نزیکەی 50 مەتر کەمیکردووە، ئێستا ئەو بیرانەی هەڵیدەکەنن لەنێوان 450 بۆ 500 مەتر قووڵ دەکرێن.
 
شەمسەدین عەبدولقادر دەشڵێت، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لە 10 گەڕەکی سنووری شاوێس، بۆری و تۆڕی ئاویان بۆ گۆڕدراوە کە نزیکەی شەش هەزار مەتر بۆری بووە و زیاتر لە 70 ملیۆن دیناری تێچووە. گوتیشی، لە گەڕەکی قەرەبوو دوو هەزار مەتر بۆری گۆڕدراوە و بیری ئاویان بۆ هەڵکەندراوە و لە گەڕەکی بەهاری نوێیش 2 هەزار مەتر بۆرییان گۆڕدراوە.
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 80٪ی هاوبەشانی ئاو لە سنووری شاوێس پێوەری ئاویان بەستووە، وەرگرتنی پارەی مانگانە بەگوێرەی بەکارهێنانی ئاو و پێوەرەکە دەبێت، بەڵام هێشتا زیاتر لە 200 ملیۆن دینار پارەی قەرزی ئاو لای هاونیشتمانییانی شاوێسە.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە سنووری شاوێس پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کرد، دەڵێن: گرفتی ئاویان هەیە و میراوەکان بەباشی ئاو بەسەر گەڕەکەکاندا دابەش ناکەن. بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس لەوبارەوە گوتی، لەم هەفتەیەدا بەهۆی گۆڕانکاری لە خشتەی کارەبای نیشتمانی، گرفتی زۆریان هەبووە لە کارپێکردنی بیرەکان و دابەشکردنی ئاو، چونکە هەموو بیرەکان گرفتی کارەبایان هەیە، لەکۆی 52 بیر لە سنووری شاوێس (40 بیر لەنێو شاوێس و 12 بیر لە دەورووبەری شاوێس)، 5 بیر کارەبای نیشتمانیی بەردەوامیان هەیە و 6 بیریش کارەبای موەلیدەیان بۆ دابین کراوە.
 
لەبارەی پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوە و بیرەکان لە سنووری شاوێس، بەڕێوەبەرەکە باسی لەوە کرد، هیچ گرفتێکیان نییە لە مادەی کلۆر و مانگانە دوو جار پشکنین بۆ ئاوی بیرەکان دەکەن، هەروەها خۆپاراستنی تەندروستیش پشکنینی تاقیگەیی بۆ ئاوی بیرەکان دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی: هەر کەسێک لە پشتیەوە بێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".