شارەوانیی بەردەڕەش: بەگوژمەی 7.5 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قۆناخی جێبەجێکردندان


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی قەزای بەردەڕەش دەڵێت، شەش پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەگوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار لە ناوەندی قەزاکە لە قۆناخی جێبەجێکردندان. دەشڵێت، بەتەواوکردنی ئەو پڕۆژانە، 60٪ـی قەزاکە قیرتاو و کۆنکرێت دەکرێت.
 
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، "ئەمساڵ بەگوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ و دروستکردنی شۆستە و قیرتاوکردن لە گەڕەکەکانی: برایەتی، خێلەکی، بەردەڕەشی بچووک، ئەیلوول و پڕۆژەی سایدی دووەمی مەفرەقی خێلەکی بۆ ناوشار لە قۆناخی جێبەجێکردندان."
 
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش گوتیشی، پڕۆژەکان کاری تێدا دەکرێت و رێژەی کارکردن تێیاندا بە رێژەی جیاوازن لەنێوان 20 بۆ 80٪یان تەواو کراون.
 
بەشێک لە پیشەوەرانی بەردەڕەش لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەیی لە سستیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەکانی ناوچەی پیشەسازیی نوێی دەکەن. سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، "پڕۆژەی ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردنی ناوچەی پێشەسازیی نوێ، لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و بە گوژمەی 1.5 ملیار دینار، بەردەوام بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەین و کۆمپانیای جێبەجێکارمان ئاگادارکردووەتەوە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنی ناوچەی پیشەسازیی کۆن، لە پلانی شارەوانیدا هەیە بۆ ساڵی داهاتوو بکرێتە پارکێکی گشتیی گەورە بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە قەزاکە بەرز بکرێتەوە.
 
سیروان حەسەن دەڵێت، ئەو پڕۆژانەی لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێن، رۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە پێشخستنی ژێرخانی خزمەتگوزاریی شارەکە بەشێوەیەک ئێستا 30٪ـی قەزاکە، گەڕەک و کۆڵانەکانی قیرتاوکراوە، بەڵام بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان، رێژەی خزمەتگوزارییەکان دەگاتە 60٪.
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش، "رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی چوار ملیار دیناری دیکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای بەردەڕەش و بە تەرخانکردنی ئەو چوار ملیار دینارە، پڕۆژەی پێویست بۆ ئەو گەڕەکانە جێبەجێ دەکرێت کە پێویستیانە."
 
لەبارەی گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای بەردەڕەش، سیروان حەسەن دەڵێت، "ئەو گەڕەکانەی کیشەی ئاویان هەبووە، تا راددەیەکی زۆر چارەسەر کراوە، ژمارەیەکی زۆر بیری نوێ هەڵکەندراون، بەڵام بە گشتی ئاو کەمیکردووە، پیشتر لە شوێنێک بە 120 مەتر دەگەیشتە ئاو، ئێستا 350 تاوەکو 500 مەتر قوڵی ئینجا دەگاتە ئاو."
 
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەشڵێت، "بەگوێرەی ئەو پلانەی پێشکێشمان کردووە بۆ ساڵی داهاتوو، بەگوژمەی 18 ملیار دینار پڕۆژەی کۆنکرێت و قیرتاوکردنی گەڕەکەکانی قەزاکە جێبەجێبکەین لەگەڵ چەند شەقامێکی سەرەکی."