لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی ئێران هۆشداری دەدات کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەگەری بارانی بەخوڕ هەیە و داوا لە گەشتیاران و خەڵک دەکات لە لێواری چەم و رووبارەکان دووربکەونەوە. کەشناسیی پارێزگای کرماشانیش رایگەیاندووە، پاییزی ئەمساڵ ئەگەر هەیە بارانی زۆر ببارێت، بەڵام قەرەبووی وشکەساڵی ناکاتەوە.
رێکخراوی کەشناسیی ئێران بۆ پارێزگای ورمێ ئاستی "هۆشداریی زەردی" راگەیاندووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە باران دەبارێت و رێگەکان خلیسک دەبن، ئەگەری هەیە ئاوەڕۆی شارەکان بگیرێن، ئاستی ئاوی چەم و رووبارەکان بەرزببێتەوە و لافاو رووبدات.
بەپێی راپۆرتی کەشناسیی ئێران، ئەم دۆخەی کەشوهەوا ئەمڕۆ و بەیانی بەردەوام دەبێت. کەشناسی داوای لە خەڵک، بەتایبەت گەشتیاران کردووە لە رۆخی چەم و رووبارەکاندا دووربکەونەوە، چونکە مەترسیی روودانی لافاو هەیە.
عەلی محەممەد زورئاوەند، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای کرماشان دەڵێت: پێشبینی دەکرێت پاییزی ئەمساڵ باران بەشێوەی نۆرماڵ ببارێت و تەنانەت ئەگەری هەیە زیاتر لە ئاستی نۆرماڵیش بێت و باران لە وادەی خۆی زووتر ببارێت.
بەڕێوەبەری کەشناسیی کرماشان ئەمڕۆ گوتی: "بەپێی لێکدانەوە سەرەتاییەکان، پاییزی ئەمساڵ 130 تاوەکو 220 میللمەتر باران دەبارێت، بەشێوەی مامناوەند لە پارێزگای کرماشاندا لە وەرزی پاییزدا 120 تاوەکو 160 مللیمەتر دەبارێت، بەڵام ساڵی پار 43 میللمەتر باری." بەڵام گوتیشی: "ئەو بارانە قەرەبووی ساڵانی رابردووی کەم بارانی ناکاتەوە".