تۆمەتباری دووەمی رووداوی تەقەکردن لە پۆلیسەکانی شەقڵاوە دەستگیردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڵاتنی تۆمەتباری دووەمی رووداوەکەی شەقڵاوە، ئەمڕۆ هەینی 1-10-2021 ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا.
عەمید دلێر نەجار، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ، دوای کەمتر لە 48 کاژێر تۆمەتباری دووەمی رووداوی تەقەکردنەکەی شەقڵاوە دەستگیرکرا".
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، رووداوەکە بەم جۆرە بووە: هاونیشتمانییەک لە کاژێر 2ی شەوی 30-9-2021 لە بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە سکاڵا لەسەر دوو کەس تۆمار دەکات کە هەڕەشەی هێرشکردن و بەسەردادانیان لێکردووە؛ دوای ئامادەبوونی پۆلیسی لە ماڵی ئەو هاونیشتمانییە بە مەبەستی پاراستنی گیانیان، دوو تۆمەتبارەکە هێرشدەکەن و تەقە لە پۆلیسەکان دەکەن و لە ئەنجامدا دوو پۆلیس بە ناوەکانی (رێبەند ئەرسەلان کەمال) و (مەهدی عەبدولـلەتیف) بەسەختی برینداردەبن.
لە رووبەڕووبوونەوەکەدا پۆلیس توانیی یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکات و ئەمڕۆش تۆمەتباری دووەم دەستگیرکرا.
دلێر نەجار گوتی، ئێستا هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ا. ا. ع.) و (م. ک. هـ.) دەستبەسەرن و دەستیش بەسەر چەکەکانیان گیراوە.