عەبدولڕەحمان مستەفا بە سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کوردستانی هەڵبژێردرا

رووداو - هەولێر 

بەکۆی دەنگی حیزبە کوردستانییەکان عەبدولڕەحمان مستەفا فەتاح، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک بە سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کوردستانی هەڵبژێردرا.
 
رەسوول رەئوف، ئەندامی سەركردایەتی حیزبی سۆسالیست دیموكراتی كوردستان ‌و بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حیزبە لە كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: كۆدەنگی سەرجەم حیزبەكان لەسەر ئەوە دروستبوو، كە عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری كەركووك بكرێتە سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانی.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1-10-2019 عەبدولڕەحمان مستەفا، بەشداری كۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکانی لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کرد و وەک سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کوردستانی هەڵبژێردرا.
 
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەو حیزبانەی قەوارەی هاوپەیمانی كوردستانییان دروستكردوە، پرسی لۆگۆ‌ و دوورشمەكان یەكلای دەکەنەوە.
   
عەبدولڕەحمان مستەفا فەتاح

 

ساڵی (1951) لە شاری کەرکووک لە دایکبووە
ساڵی (1974) کۆلێژی یاسای زانکۆ بەغدای تەواوکردوە
لە ساڵی (1975) بۆ (2003) وەک پارێزەر کاریکردوە
لە 28-5-2003 بە یەکەم پارێزگاری کەرکووک دوای رووخانی رژێمی بەعس هەڵبژێردراوە
لە 3-4-2011 دەستی لەکارکێشایەوە
خێزاندارە و باوکی کوڕ و کچێکە
کوڕەکەی پارێزەر و کچەکەی ئەندازیارە
 
هاوپەیمانی كوردستانی، قەوارەیەكە لە نزیكەی 15 حیزبی كوردستانی دروستكراوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق. كە بڕیارە لە رۆژی 1ی نیسانی 2020 بەڕێوەبچێت.