روونکردنەوەی کۆمیسیۆن لەبارەی راگەیاندنی ئەنجام و سکاڵاکان

رووداو  هەولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی دەڵێت، تاوەک ئێستا ئەنجامی 313 بنکەی دەنگدانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەدەست نەگەیشتووە، بەشێک لە هۆکارەکەشی بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسی بنکەکان دەگەڕێنێتەوە. 


لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو، شێروان زرار لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنەوەی ئەنجامی بنکەکانی دەنگدان رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە کۆی 1260 بنکەی دەنگدان، ئەنجامی 947 بنکەی دەنگدان گەیشتووە، بەشێک لەوانەی ئەنجامەکانی نەگەیشتووە، پەیوەندی بە مەسەلەی تەکنیکی خۆمانەوە هەبووە لەڕووی هێڵی ئینتەرنێتەوە، بەشێکی دیکەی کەمتەرخەمی بەشێک لە بەرپرسی بنکەکان بووە کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بینێرن".

شێروان زرار دەڵێت "تیمەکانی ئێمە لەگەڵیان لەسەر خەتن، ئومێد دەکەین تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بتوانین سەرجەم داتا و زانیارییەکانی کە هەیە بگاتە دەستمان، بۆ ئەوەی ئێمەش ئامارێکی سەرەتایی نافەرمیمان هەبێت و بتوانین لە ماڵپەڕی کۆمیسیۆن بڵاویبکەینەوە".

سەبارەت بە ئەنجامە بەرایی و نافەرمییەکان، گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی "ئەو ئەنجامانەی لە کەناڵەکان بڵاودەکرێنەوە کۆمیسیۆن لێی بەرپرسیار نییە. تاکە ئەنجامی فەرمی بەپێی یاسای ژمارە چوار تەنها لەڕێگەی کۆمیسیۆنەوە دەبێت".

شێروان زرار گوتیشی "تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامی 313 بنکەی دەنگدان ماوە بە دەستمان بگات، رەنگە کیانێکی سیاسی یان قەوارەیەک دەنگەکانی بە رێژەیەک بێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی ئەنجامی ئەو 313 بنکەیە دەنگەکانی گۆڕانکاری زۆری بەسەردابێت".

هەروەها جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنن و بەدواداچوونیش بۆ سەرجەم سکاڵا یاساییەکان لەسەر هەڵبژاردن دەکەن.

جووتیار عادل گوتی "لە هەندێ بنکەی دەنگدان فۆڕمی سکاڵا تۆمارکردن نەبووە، بۆیە نازانرێت چەند سکاڵا تۆمارکراون و داواشیان لەو لایەنانە کردووە کە سکاڵایان هەیە، بچنە هەولێر و لەوێ فۆڕمی سکاڵا پڕبکەنەوە، بەتایبەتی چوار لایەنەکە (پارتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە کۆیە".

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی دەنگدان تاوەکو کاژێر 12:00 رێژەی بەشداریکردن لە سلێمانی 9.7% بوو، کاژێر 3:00 گەیشتە 25.4%، بەڵام لە کاژێر 3:00 بۆ 6:00 رێژەی بەشداریکردن زۆر زیادیکرد و بەشێوەیەک کە 30% رێژەکە بەرزبووەوە، بۆیە کۆمیسیۆن لێپێچینەوە لەو رێژەیە دەکات.

هەر لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەکان، ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ لە کاژێر 6:00ی ئێوارە بنکەکانی دەنگدان داخران و لە وێستگەکان پرۆسەی جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکان بەڕێوەچوو، دواتر لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان دەست بە گواستنەوەی سندووقەکان بۆ کۆگای فەرمانگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کرا، لە کاژێر 11:00ی شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی لەڕێگەی 15 لیژنەوە دەستمانکردووە بە وەرگرتنی سندووقەکان لە بنکەکانی دەنگدان".

ئارام نەجمەدین دەڵێت "بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، پێشبینی دەکەین کاژێر 10:00ی ئەمشەو لە پرۆسەی وەرگرتنی سندووقەکان تەواوببین، دوای وەرگرتنەوە هەموو سندووقەکانیش، ئەو فۆڕمانەی پەیوەندییان بە ئەنجامی دەنگەکانی کیانە سیاسییەکان و بەربژێرەکانەوە هەیە کە چەند کۆپییەکە، کۆپییەکی بۆ فەرمانگەی پارێزگا دەمێنێتەوە، کۆپییەکیش لە فۆڕمەکە دەچێتە ئۆفیسی نیشتمانی، لە ئۆفیسی نیشتمانی بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان پشت بەو فۆڕمە دەبەسترێت کە تایبەتە بە ئۆفیسی نیشتمانی".

ئارام نەجمەدین روونیدەکاتەوە سێ ناوچەیان بۆ وەرگرتنەوەی سندووقەکان داناوە: "ناوچەیەکیان پێیدەگوترێت ناوچەی سندووقی سەلامەت کە هیچ کێشەیەکی نییە، ناوچەی دووەم پێیدەگوترێت ناوچەی کۆگاکردنی کاتی، ئەو سندووقانەی لێدادەنرێت کە یەکێک لە فۆڕمەکانیان کەم بێت و لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگە نەگەڕاندرابێتەوە، ناوچەی سێیەمیشیان ئەو سندووقانەی لێدادەنرێت کە قردێلەی سووریان لێدراوە، دەنگی ئەو سندووقانەش لە پرۆسەیەکی تایبەتدا دوای ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری لەسەر دەدات، جارێکی دیکە ئەژمار دەکرێنەوە".