لە سەردەشت شەڕ لەنێوان هاونیشتمانیان و پاسداران دروستدەبێت
رووداو- سەردەشت
لە شارۆچكەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە هاونیشتمانیان كردووە و بەهۆیەوە هاونیشتمانییەك گیانی لەدەستداوە، كەسوكاری كوژراوەكەش پاسدارێکی ئێرانیان کوشتووە.
سەرچاوەیەک لەنێو سەردەشت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئەمشو لەنێو شارۆچكەی سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە دوو هاونیشتمانی دیکەش برینداربوونە.
سەرچاوەكەی رووداو گوتیشی كە هاونیشتمانییەکان بەتۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەلی نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە. لە تۆڵەی ئەوەش کەسوکاری کوژراوەکە لە نەخۆشخانەی سەردەشت پاسدارێکی ئێرانیان کوشتووە
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە دەنگی تەقە لە دەوروبەری نەخۆشخانەی سەردەشت دەبیسترێت. شارۆچكەی سەردەست سەر بە پارێزگای ورمێیە و هاوسنوورە لەگەڵ شارۆچكەی قەڵادزێی باشووری كوردستان.