لە دەروازەی خابوور هێرش کرایە سەر کارمەندانی گومرگ

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری شارۆچکەی سلۆپی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان هێرش کرایە سەر کارمەندانی دەروازەی گومرگی خابوور؛ لە هێرشەکەدا 3 ئەفسەر بریندار بوون و 5 کەسیش دەستبەسەر کران.
 
رووداوەکە دوێنێ لەنێوان کەسانێک کە رۆژانە لەو دەروازەیەوە دێنە هەرێمی کوردستان و دەچنە باکووری کوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانی گومرگەکە روویدا.
 
چوار کەس بە ناوەکانی "م. ب."، "ک. ئۆ."، "م. ب." و " یە. ب." لەگەڵ سێ ئەفسەری گومرگ بە ناوەکانی "ئە. ب."، "ب. ب." و "م. س." کە لە بەشی پشکنینی Xray لە ئەرکدا بوون، بوو بە دەمەقاڵەیان.
 
دوای ئەوەی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بۆکسێک لە ئەفسەر "ئە. ب." درا، شەڕەکە گەورە بوو و لە ئەفسەرێکی دیکەش بە ناوی "ب. ب." درا.
 
هاوکات کەسێکی دیکە بەناوی "م. ب." هێرشی کردە سەر ئەفسەرێكی دیکە بە ناوی "م. س."
 
ئەو 5 کەسەی هێرشیان کردەسەر 3 ئەفسەرەکە لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی گومرگەوە دەستبەسەر کران.
 
یەکێک لە ئەفسەرە بریندارەکان بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە، بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە سلۆپی گوێزرایەوە. 
 
داواکاری گشتیی سلۆپی لەبارەی رووداوەکەوە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو 5 کەسە گرتووەتەبەر.