کۆمیسیۆن: سەرپێچییەکانی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن تۆمار دەکەین

01-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئاگاداری دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەختەی بەشێک لە لایەن و بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن. ئاماژە بەوەش دەکات، "لیژنە سەرپێچییەکان تۆمار دەکات."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەستمان بە دەستپێکردنی بانگەشەی هەندێک لایەن و بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە. لیژنەیەکی سەرەکی و ژمارەیەک لیژنەی لاوەکی لە هەموو نووسینگەکانی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن بۆ تۆمارکردنی ئەو سەرپێچییانە هەن. دەبێت لایەنەکان و بەربژێرەکان ئاگادار بن، چونکە پێشێلکاری سزای لەسەرە و سزاکانیش تووندن."
 
سزای دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەختە، واتە ئەو بانگەشەیەی پێش دیاریکردنی وادەی بانگەشە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەستپێدەکات، لە پێبژاردنەوە هەیە تاوەکو دوورخستنەوەی بەربژێر و هەڵوەشاندنەوەی پەسندکردنی؛ گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکانی چاودێری و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان سەرجەم پێشێلکارییەکان تۆمار دەکەن و دواتر ئەو سەرپێچییانە دەدرێنە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بڕیاری لەبارەوە دەدەن.
 
سیستمی سکاڵا و تانەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 8ـی ساڵی 2024 کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسندکراوە، مادەی پێنجی تایبەتە بە پێشێلکاری کە لەلایەن ئەندامانی لایەنەکان، بەربژێرەکانیان یان بریکار و پشتیوانەکانیانەوە دەکرێت.
 
کۆمیسیۆن ئەم پێنج رێکارە سزایەی بۆ سەرپێچییەکان دیاریکردووە:
 
- پێبژاردنی دارایی
- هەڵوەشاندنەوەی پەسندکردنی بەربژێر یان پارت یان هاوپەیمانیی سیاسی.
- هەڵوەشاندنەوەی پەسندکردنی نوێنەری رێگەپێدراو یان بریکاری بەربژێر یان پارت یان هاوپەیمانی سیاسی.
- هەڵوەشاندنەوەی پەسندکردنی تۆمارکردنی رێکخراوی چاودێری یان هەڵوەشاندنەوەی پەسندکردنی ئەندامی سەرپێچیکار.
- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی بەربژێر یان پارت یان هاوپەیمانی سیاسی.
 
هەرچەندە هێشتا زیاتر لە 15 رۆژی بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ماوە، بەڵام بەشێک لە بەربژێران و پارت و هاوپەیمانێتییەکان لە تۆرەکانی سۆشیاڵ میدیا و میدیاکان بانگەشەی پێشوەختە دەستپێکردووە.
 
رۆژی 20-10-2024 بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بانگەشەی هەڵبژاردن یەک مانگ پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دەبێت، واتە بە گوێرەی خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارە 16ـی مانگی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 2 ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە