وانەبێژانی هەرێمی کوردستان وەکو مامۆستای گرێبەست دەستبەکار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە رۆژی دەستبەکاربوونی مامۆستایانە بۆ ساڵی خوێندنی 2024 - 2025؛ بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژیش واژۆی دەستبەکاربوونیان کرد.
 
محەممەد کەمال، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە زۆربەی پەروەردەکانی هەرێمی کوردستاندا رێکارەکانی تایبەت بە بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ بەرەو کۆتایی دەچێت. وەزارەتی پەروەردە رۆژی دووشەممە 2ی ئەیلوولی ساڵی 2024ی وەکو دوایین کات بە پەروەردەکان داوە تاوەکو مامەڵەکان تەواو بکەن و بیانگەڕیننەوە بۆ وەزارەت."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-08-2024 پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و بڕیاریدا وانەبێژانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
 
محەممەد کەمال دەڵێت، "بەشێکی زۆری پەروەردەکان گرفتی بچووکیان هەیە، بەڵام کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن. کێشەی گەورە لە پرۆسەکەدا نییە. 37 هەزار و 930 مامۆستای وانەبێژ بوونەتە مامۆستای گرێبەست."
 
رۆژی 28-08-2024 مەسرور بارزانی فەرمانی گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی واژۆ کرد.
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان گوتی، "ئەمڕۆ بەشێکی وانەبێژان (ئەوانەی مامەڵەیان تەواو بووە) وەکو مامۆستای گرێبەست واژۆیان لە لیستی ئامادەبووانی قوتابخانە کرد. بە شێوەیەکی کاتی بەو هەنگاوە رازین، چونکە دەزانین دامەزراندنی مامۆستایان بە هەمیشەیی لەم کاتەدا لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە."
 
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دینار بوو؛ ئەوانەی دیپلۆمی باڵایان هەبوو 425 هەزار دیناریان وەردەگرت.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئیدی مووچەکەیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دیناردا دەبێت.