لە سنووری سایین قەڵای ورمێ منداڵێک لە ئاودا خنکا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری شاری سایین قەڵای سەر بە پارێزگای ورمێ، منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ لە ئاودا خنکا، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، دوای چەند کاژێر توانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.
 
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە شاری سایین قەڵای سەر بە پارێزگاکە، تیمەکانیان ئاگادار کراونەتەوە، کە کچێکی تەمەن 13 ساڵ کەوتووەتە نێو رووباری جەخەتوو و دەستبەجێ بە مەبەستی رزگارکردنی خۆیان گەیاندووەتە شوێنی رووداوەکە.
 
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ شەممە 31-08-2024 روویداوە. فەرزین رەزازادە گوتی، دوای چەند کاژێر لە گەڕان، توانراوە تەرمی هاونیشتمانییەکە دەربهێندرێتەوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ دادپزیشکیی شارەکە.
 
خنکانی ئەو منداڵە لە کاتێکدایە کە 10ی ئاب، هاونیشتمانییەکی دیکە لە هەمان شوێن کەوتە نێو رووباری جەخەتوو، بەڵام بە زیندوویی دەرهێندرایەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-07-2024، لانیکەم 27 کەس لە مەلەوانگە، رووبار و بەنداوەکانی ئەو پارێزگایەدا خنکاون.
 
هاوکات بەگوێرەی راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فریاکەوتنی خێرای ئێران لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو 21ی ئایار، 159 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە رووبار، بەنداو و مەلەوانگەکاندا خنکاون.