لەگەڵ رەنج؛ چ کاتێک بۆن دەبێتە ژەهر و هۆی شێرپەنجە؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرنامەی ئەم جارەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو، تایبەتکرابوو بە بۆن (عەتر) و کاریگەری و لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لەسەر دەروون و جەستەی مرۆڤ، پشکنین و کوالێتی و نرخەکانی لە بازاڕدا. 
 
بۆنفرۆشێک دەڵێ: ‏بەشێك لە گیراوەی هەندێ لەو ‏بۆنانەی لە كوردستان دەفرۆشرێن، مەوادی ‏‏(فسالەیتی) ‏قەدەخەكراوی تێدەکرێت. لەبارەی ئەو مادەوە، پسپۆڕێک دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی زۆر مەترسیدارە، ‏بەڵام لە كوردستان بە دەبە ‏‌و بە بەرمیل لە بازاڕەكاندا دەستدەكەوێت، بۆنفرۆشەكانیش بە ئاشكرا لە ‏گیراوەكانیاندا ‏بەكاریدەهێنن.‏"
 
وەك میوانێكی رەنج دەڵێت: لە دووبەی ‌و ‏فەرەنساش بۆنی ‏زەیتی هەیە تێكەڵ كدەرێت ‌و دەگیرێتەوە، بەڵام ‏بەم شێوە بازاڕییەی ‏كوردستان نییە. "مەترسییەكی دیكەی بۆن ‏ئەوەیە كە دەكرێتە نێو ‏خۆراكەوە كە ‏هۆكارێكی تووشبوونە بە  ‏شێرپەنجەی كۆڵۆن.‏"
 
هەریەکە لە د.كاوە حەمەشەریف، پسپۆڕی كیمیای پیشەسازی، د. رەوەند رەئووف رەشید، پزیشكی پسپۆڕی ‏نەخۆشییەكانی ‏هەناو و ‏‏سنگ ‌و هەناسە، هەندرێن سەعد، بۆنفرۆش لە هەولێر ‏‏‏و شكار عومەر، بۆنفرۆش لە سلێمانی میوانی رەنج بوون.
 
بۆنێكی 12 گرامی بە 10 هەزار دۆلار
 
لە سەرەتای بەرنامەكەدا باسی نرخی بۆن ‌و ‏ساختەكردنی ‏بڕاندە بەنێوبانگەكان كرا. هەندرێن سەعد، کە لە شاری هەولێر بۆنفرۆشە، بۆنێكی بچکۆلەی بەدەستەوە بوو کە تەنیا 12 گرام بوو، ئەو بۆنە لە دارێکی بۆنداردا دەرهێنراوە و 24 کیلۆ لەو دارە ئەو 12 گرامەی تێدا بووە. 
 
سەعد گوتی: "نرخی ئەم بۆنە بچووکە 10 هەزار دۆلارە (یەک دەفتەر دۆلار)، بە دەستێکی دیکەی بۆنێکی دیکەی هاوشێوە و هاوقەبارەی بەدەستەوە گرت کە نرخی تەنیا 10 دۆلار بوو. "ئەمە تەنیا کەمێک لێکدەچن، بۆنی یەکەم 12 سەعات دەمێنێتەوە و بۆنی دووەم ئەوەندە نامێنێتەوە و کەمێکیش بۆنیان جیاوازترە".
 

 

 
بۆنی ساختە ناپشکنرێت؛ "بازرگان هەیە لە 1,000 بۆن 800ی ساختەیە"
 
ئەو بۆنفرۆشە رەتیشی دەكاتەوە بۆنێكی سرووشتی بە 5 یان 10 هەزار ‏دینار ‏دەستبكەوێت. ئەوەش ناشارێتەوە كە ‏"خەڵەتاندنی خەڵك ‏لە بواری بۆن زۆر زۆرە، تەنانەت هەندێكجار ‏بازرگانی گەورەش ‏هەڵدەخەڵەتێنرێ‌ ‌و بۆنی ساختەی ‏پێ دەفرۆشرێ‌، بازرگانی بۆن هەیە لە ‏‏1000 بۆن كە بەنێوی ‏ئۆرجیناڵ دەیكڕێ‌ 800 دانەی ساختەیە".‏
 
هەندرێن سەعد باس لەوەش دەكات، لە كوردستان پشكنین بۆ بۆنی ‏براند ‏دەكرێت، بەڵام بۆ ساختەكە ناكرێت. "بۆنە ‏براندەكان خۆیان ‏مەوادی خراپ بەكارناهێنن".
 
بەشێكی خەڵك دەپرسن بۆن ‏لەكوێ‌ بدرێت زۆر دەمێنێتەوە؟ ‏لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هەندرێن سەعد ‏دەڵێت: "ئەگەر بتەوێ‌ ‏بۆن بڵاوبێتەوە و زوو بڕوات لە پێستی بدە، ئەگەر ‏دەتەوێ‌ بمێنێتەوە ‏لە جلوبەرگی بدە، باشترە پاش خۆشۆردن بۆن لە خۆت ‏بدەیت ‌و ‏نەشی سڕی".‏
 
'بە نرخی كۆ بە 18 دۆلارە بەڵام لە بازاڕ بە 80 دۆلار ‏دەیفرۆشن'
 
شكار عومەر، لە شاری سلێمانی بۆنفرۆشە، لە ساڵی 2014وە ئەو کارە ‏دەكات ‌و زانیاریی وردی لەسەر فێڵەكانی ئەم ‏جۆرە بازرگانییە هەیە. 
 
شکار دەڵێت: "بۆن هەیە ‏رەسەنەکەی (ئۆرجیناڵ) بە 200 دۆلارە، بەڵام ساختەكراوە بە ‏نرخی كۆ بە ‏‏18دۆلار دەگاتە دەست بۆنفرۆشەکان، ئەو ساختەیە ‏لە ‏هەندێك شوێن بە 80 دۆلار دەیفرۆشرنەوە."
 
ئەو بۆن فرۆشە داوا ‏لە خەڵك ‏دەكات، خۆیان لە كڕینی بۆنی ساختە ‏بپارێزن، چونكە ‏كەس نازانێ‌ بۆنی ساختە چۆن دروست ‏دەكرێت ‌و پێكهاتەكەی چییە.
 
شکار عومەر ‏دەشڵێت: پەندێكی فەرەنسی هەیە ‏دەڵێ "مانەوەی بۆن ژیان جوانتر ‏دەكات، بەڵام تەمەنت ‏كورتتر". لەبارەی تێكەڵكردنی چەند بۆنێكیش كە ‏ئێستا لە ‏بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بووەتە دیاردە، ‏ئەوەی خستەڕوو "لە دووبەی ‌و فەرەنساش بۆنی زەیتی ‏هەیە تێكەڵ دەکرێت، ‏بەڵام بەمشێوە بازاڕییەی كوردستان نییە ‌و ‏لەوێ‌ لە شوێنێكی ئاسایی ‌و ‏یاسایی دەكرێت.‏"
 
 
" لە سلێمانی بگەڕێی دوو لۆری بۆنی ساختە کۆدەکەیتەوە"
 
كاتێك رەنج سەنگاوی پرسیاری لە شكار عومەر كرد: ‏ئایا ‏ئەگەر تەنیا لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی بگەڕێیت چەند بۆنی ‏ساختە ‏كۆ دەكەیتەوە؟ ئەو بۆنفرۆشە ‏گوتی: "ئەگەر ‏لەبازاڕەكانی شاری سلێمانی بگەڕێیت زیاتر لە دوو ‏لۆری بۆنی ساختە ‏كۆ دەكەیتەوە، تەنیا لە بۆنە براندەكاندا زیاتر لە هەزار جۆر ساختە كراون". 
 
شكار ‏چەند جارێك ‏ئەو پرسیارەی لە بەرنامەكەدا دووبارە كردەوە ‏‏"بۆچی حكومەت رێگە دەدا ‏بۆنی ساختە بێتە بازاڕەكانی ‏كوردستانەوە؟"
 
لە شوێنی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بۆن ساختە دەکەن
 
بەپێی قسەی ئەو بۆنفرۆشە، لە کوردستان بۆن ساختە ‏ناكرێت، ‏بەڵكو لە دووبەی ‌و بەشێك لە وڵاتانی دراوسێی عێراق ‏دەكرێت. "لە ‏ئۆكرانیای پێش شەڕ، بۆن زۆر ساختە ‏دەكرا، ئێستاش لە دووبەی زۆر ‏دەكرێت، لەوێ‌ لە شوێنی ‏چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بۆن ساختە دەكەن بۆ ‏ئەوەی كەس گومانیان ‏لێنەكات". 
 
بە قسەی ئەو بۆنفرۆشە، هەندێكجار ساختەكردنەكە بە جۆرێكە ‏ناسینەوەی ئاسان ‏نابێت، بەتایبەت زۆرجار بۆنە ساختەكە دەكەنە نێو ‏شووشەی بۆنی ‏ئۆرجیناڵ.
 
شكار عومەر دەڵێت: "شووشەی بۆنی بەتاڵی ‏ئۆرجیناڵ ‏هەیە 100دۆلار دەكات، چونكە بۆنی ساختەی ‏تێدەكەنەوە، ‏زۆرجار ساختەكردنەكە بەجۆرێكە كۆدەكانی سەر ‏پاكەتی بۆنە براندەكەش ‏ساختە دەكەن، بۆیە ناسینەوەیان ئاسان ‏نابێت". 
 
"بۆن دەبێتە ژەهر؛ بۆنی باش زۆر نامێنێتەوە"
 
ساختەکردنی بۆن، وایکردووە کێشە بۆ بۆنە ‏براندەكانیش دروستبێت. "هەندێ‌ بۆن ‏كە دێت بە رێگەی ئاوی دوو هەفتە لەبەر خۆر ‏دەمێنێتەوە، ئەو كاتە ‏نەك بۆنی نامێنێت؛ بەڵكو دەبێتە ژەهریش". 
 
ئەو بۆن ‏فرۆشەی شاری ‏سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە، بۆنە براندەكان لە شوێنی ‏خۆیان ‏هەموو جۆرە پشكنینێكیان بۆ دەكرێت، بە دەگمەن كێشەیان ‏هەیە، ‏تەنانەت براندی بۆن هەیە كێڵگەی گوڵی تایبەت بە خۆی ‏هەیە. "بۆنی باش زۆر ‏نامێنێتەوە ‌و زوو بۆنەكەی ‏دەڕوات واتە مەرج نییە بۆنێك كە ‏زۆرمایەوە باش بێت."
 
 
‏"ئەگەر بتەوێ بۆن بپشکنی دەبێ بینێری بۆ تورکیا، ئێران یان بەسرە"
 
لە جیهان دا دوو جۆر بۆن هەن، یەکێکیان رۆنی سرووشتییە و ئەوی دیکەیان پترۆکیمیایی. 
 
‏"ئەو بۆنانەی دەهێنرێنە كوردستان هیچ پشكنینی بۆ ناكرێت بە ‏براند‌و ‏ساختەكانیشەوە". ئەوە قسەی د.كاوە حەمەشەریف، پسپۆڕی ‏كیمیای ‏پیشەسازییە كە میوانێكی سەرەكیی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو. 
 
د. کاوە گوتیشی: ‏‏"لە خاڵە ‏سنوورییەكان ‌و فڕۆكەخانەكانیش، ئامێری پشكنینی بۆن ‏نییە، ئەگەر ‏بمانەوێ‌ پشكنین بۆ جۆرە بۆنێك بكەین دەبێت ‏بینێرینە توركیا ‌و ئێران ‏یاخود بەسرە."
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێ: "ئەگەر لە كوردستان بایی ‏‏50 دەفتەر (500 هەزار دۆلار) ئامێری پشكنین بكڕدرێت، هیچ كێشەیەكمان ‏نامێنێ‌".
د. كاوە حەمەشەریف ئەوەش ‏دەخاتەڕوو، شەش مەوادی نێو ‏بۆن هەن كە قەدەخە كراون، بەڵام لە ‏كوردستان پشكنین بۆ ئەو ‏شەش جۆرە مەوادە ناكرێت. "رەنگە ‏هەندێ‌ بازرگان ‏بەم قسانەمان دڵیان بێشێ‌، بەڵام كێشەم نییە ئێمە ‏راستیمان ‏خستووەتەڕوو".‏

 

ئەو پسپۆڕە باسی مەترسیی تێکەڵکردنی دوو جۆر مادەی کرد و گوتی: "لە ئەنجامی تێکەڵکردنیان، مادەیەکی نوێی ژەهراوی دروست دەبێ کە بە هەڵمژینی شێرپەنجە، نەخۆشیی سییەکان و بۆڕی هەناسە تووشی مرۆڤ دەکات."
 
ئەو دەستخۆشی لە رووداو كرد، "چونكە یەكەمجارە بەم شێوەیە ‏بەرنامە ‏لەسەر بۆن دەكرێت". ئەو پسپۆڕەی بواری كیمیا ئەوەش ‏ناشارێتەوە كە ‏"هەندێ‌ مەواد لە‌و بۆنانەدا بەكاردێن كە دەهێنرێتە ‏كوردستان، لە هەندێ‌ وڵات قەدەخە كراون.‏"
 

 

مەترسیی ئەو بۆنانەی دەكرێتە خواردنەوە
 
د. كاوە حەمەشەریف باسی مەترسی ئەو جۆرە بۆنانەش دەكات كە ‏دەكرێتە ‏خواردنەوە و دەڵێت: "بۆن هەر ئەوە نییە كە لەخۆمانی ‏دەدەین، بەڵكو ‏بۆن هەیە دەكرێتە خۆراکەوە، بەداخەوە بەشێكی ‏شێرپەنجەی كۆڵۆن بەهۆی ‏ئەو بۆنەوەیە كە دەكرێتە خۆراكەوە". 
 
‏د. كاوە حەمەشەریف جەخت لەوە ‏دەكاتەوە كە بۆنەكان مەترسی ‏لەسەر تەندروستی مرۆڤەكان دروست دەكەن. "خەڵك هەیە ‏بەهۆی بەكارهێنانی موعەتەرێكەوە تووشی نەخۆشی ‏بووە."
 
بەشێکی خەڵک وا تێگەیشتوون کە تەنیا بۆنی مرۆڤە پێگەیشتووەکان مەترسیدارن و بۆنی منداڵان بێ مەترسین. بەڵام ئەو پسپۆڕە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ: "نەك ‏هەر بۆنی كەسانی گەورە، بەڵكو بەشێك لەو بۆنانەش كە بۆ ‏منداڵ ‏بەكاردەهێنرێ‌ لەگەڵ ئەوەی لە  پشكنین دەرنەچووە، بەڵام ‏هێنراونەتە بازاڕەكانی كوردستانەوە."
 
گوتیشی: "منداڵی سێ‌ ساڵ هەیە ‏بەهۆی ئەم ‏جۆرە بۆنانەوە تووشی رەبوو بووە. منداڵی سێ‌ ساڵ هەیە تووشی ‏شێرپەنجەی سی ‏بووە."
 
د. كاوە حەمەشەریف ئاماژەی بەوەشدا، ‏18 توێژینەوە هەن لەسەر ‏خراپی مادەی ئایزۆپڕۆپانۆڵ لەكاتێكدا ‏ئەو مادەیە كراوەتە بۆنێكەوە كە ‏بۆ منداڵ بەكاردێت.‏
 
ئافرەتان مەوادێکی مەترسیدار بەکاردەهێنن کە تووشی شێرپەنجەی مەمکیان دەکات
 
ئەو پسپۆڕەی كیمیا ئەوەش دەخاتەڕوو، مەوادی (فسالەیتی)  ‏قەدەخەكراوە، كەچی بە دەبە ‌و بە بەرمیل لە بازاڕەكاندا هەیە و ‏بۆنی ‏پێ دەگیرێتەوە. "بۆن لە بەریتانیاوە هاتووە مەوادی ‏قەدەخەكراوی ‏‏(فسالەیت)ی تێدا بووە. ئەو مەوادە لە سنوورەكانیشەوە بە ‏قاچاخ دەهێنرێتە كوردستان."
 
نەك هەر بۆن، بەڵكو مەوادە پاكکەرەوەكانیش گرفتیان زۆرە، ‏د.كاوە ‏روونیدەكاتەوە، پاكکەرەوە هەیە مەوادی (بیس ‏فینۆل ئەی) ‏تێدایە كە بۆ شێرپەنجەی مەمك خراپە، كەچی ‏ئافرەتانیش بەكاری دەهێنن.
 
هەربەپێی قسەی شارەزاكەی بواری كیمیا، (ئەکزیما) كە تووشی ‏ئافرەتان ‏دەبێت لە ئەنجامی بەكارهێنانی پاكکەرەوەكانەوەیە. ‏گوتیشی: "مەوادی ‏پاكکەرەوە هەیە، ئەگەر لە شوێنی داخراو ‏بەكاربێت ئەگەری مردنیشی هەیە، ‏بەدەر لەوە ئەسپەنیك كە بۆ ‏نەهێشتنی بۆنی مەغسەل بەكاردێت زۆر ‏مەترسیدارە و داوا دەكەم ‏خەڵكی بەكارنەهێنن‌."‏
 
بەپێی قسەی د.كاوە حەمەشەریف، رێژەی كحوول لە بۆندا نابێت ‏‏30% زیاتر ‏بێت. ئەو گوتی "بۆن هەیە 75%ی كحوولە، ئەوە بە هیچ ‏جۆرێك نابێت رێگە بە ‏هاوردەكردنی بدرێت". 
 
بەشێك لە ماڵان ئەو ‏مۆمانە بەكاردەهێنن كە لەگەڵ ‏داگیرسانیان بۆن بڵاودەكەنەوە، ‏بەپێی قسەی د.كاوە، ئەوەش مەترسیدارە و ‏نابێت بەكاربهێنرێت. 
 
‏سەبارەت بە تێكەڵكردنی بۆنیش بە بۆچوونی د.كاوە، ‏كارێكی باش ‏نییە، بەتایبەت لە كەشێكی گەرمدا. لە كۆتایی قسەكانی ‏ئەو ‏پسپۆڕەی بواری كیمیا گوتی: "دەرەنجامی هەموو ئەو زانیارییانە ‏وەك خۆم ‏متمانەم بەهیچ جۆرە بۆنێك نییە بە براند‌ و ساختەشەوە".‏
 
بەبۆن كەوتنی منداڵ راستە؟
 
رەوەند رەئووف، پزیشكی پسپۆڕی ‏نەخۆشییەكانی ‏هەناو ‌و ‏‏سینگ ‌و هەناسەیە، دەڵێت: بەبۆن ‏كەوتن هەیە، بەڵام بەو جۆرە نییە كە لەنێو ‏خەڵكدا باوە.
 
ئەو پزیشكە ‏جەختی لەوە كردەوە كە "بەبۆن كەوتن ‏لەلای خەڵكی لاكۆڵان چارەسەر ‏ناكرێت، ئەوەی پێی دەگوترێ‌ ‏بەبۆن كەوتن هەندێجار هۆكاری ڤایرۆسییە كە ‏رەنگە چەند ‏هەفتەیەك بخایەنێت".
 
سەبارەت بە بەكارهێنانی حەوت بۆنەش ‏بۆ ‏منداڵ گوتی: "نازانین پێكهاتەی (حەوت بۆنە) چییە كە لە منداڵ ‏دەدرێت، ‏بەڵام باشترە هەموو جۆرە بۆنێك بۆ منداڵ ‏بەكارنەهێنرێ‌".‏
 
دكتۆر رەوەند جەخت لەوە دەكاتەوە، پێكهاتەی هەندێ‌ لە ‏بۆنەكان، ‏مەوادی تێدایە بۆ زاوزێ‌ ‌و گەشەش خراپە. ‏"مەرج نییە پێكهاتەیەكی ‏كیمیایی كە لە بۆنێكدایە وەكو یەك زیانی ‏بۆ دوو كەسی جیاواز هەبێت، ‏دەشێت‌ باشترین جۆری بۆنی براند ‏خەڵك تووشی هەستیاری بكات".‏
 
 
بەپێی زانیارییەكانی ئەو پزیشكە، باشترە بۆن لە مەچەك ‌و لامل ‏بدرێت ‌و لە ‏شوێنی بریندار و وشك نەدرێت. "نابێت ‏بۆن لەسەر سەنگ ‏بدرێت، بەڵام لە جلوبەرگ  كێشەی نییە، ‏باشتریشە لە پێست نەدرێت".‏
 
دكتۆر رەوەند جەختی لە زانیارییەكانی د.كاوە كردەوە ‏كە ‏تێكەڵاوكردنی بەشێك لە مەوادە پاكکەرەوەكان بەیەكەوە زۆر ‏خراپە. ‎ ‎ئەو گوتی: ‏‏"بەشێك لەو ژنانەی پاكکەرەوەكان بەكاردەهێنن، ‏رۆژانە دەبرێنە ‏نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن، بۆیە نابێت پاكکەرەوەكان ‏تێكەڵ بكەن ‌و لە شوێنی داخراو ‏بەكاری بهێنن". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، ‏(بۆنی ‏هەوایی) هەیە كە بەكاردەهێنرێ،‌ ئەگەری هەیە (دی ‏ئێن ئەی) ‏مرۆڤ تێكبدات.
 
.