وردەکاریی کوژرانی گەنجێکی دهۆک لە ئیستەنبووڵ؛ 'بە کوردی قسەی کردووە بۆیە لێیدراوە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی گەنجێکی کورد لە دوبەی دەگەڕێتەوە، دەیەوێت لە ئیستەنبووڵ پشوو بدات، بەڵام چەند کەسێک بە چەقۆ هێرشی دەکەنە سەری و دەیکوژن. کەسوکارەکەی دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بە زمانی کوردی قسەی کردووە، هێرشی کراوەتە سەر. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، دوایین چرکەساتی ژیانی حەکیمن لە ئیستەنبووڵ. 10 خولەک دواتر بە چەقۆ کوژرا. 
 
حەکیم لوقمان لە دوبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و هاوڕێیەکی چووەتە ئیستەنبووڵ. دوو کاژێر دوای گەیشتنی، لە خوارنگەیەکی ئەکسەرای 12 کەس هێرش دەکەنە سەری و بەر چەقۆی دەدەن. 
 
بەگوتەی ئەوانەی لەگەڵیدا بوونە، هۆکاری هێرشکردنە سەر حەکیم ئەوە بووە کە بە زمانی کوردی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە. 
 
سەعد گۆران، برای کوژراوەکەیە و دەڵێت: "بە کوردی قسەمان دەکرد، زیاتر لە 10 کەس هاتن و بە چەقۆ لە دڵی براکەمیان دا. براکەم کەوتە ناو دەستم. ئێمە ئەوکات لە دوبەی گەیشتبووینە ئیستەنبووڵ و ویستمان جل بۆ زەماوەندی براکەم بكڕین." 
 
هەفتەیەک لەمەوبەر بە مەبەستی بازرگانی، حەکیم چووەتە دوبەی. ویستوویەتی سێ رۆژ بۆ پشوودان لە ئیستەنبووڵ بمێنێت. دوێنێ شەو گەیشتووەتە ئیستەنبووڵ و تووشی ئەو هێرشە بووە. تاوەکو ئێستا تاوانبار دەستبەسەر نەکراوە و کەسوکاری داوا دەکەن مافی ون نەبێت و خوێنی بەفیڕۆ نەچێت. 
 
وەعدوڵڵا تەوفیق، کەسوکاری حەکیمە و دەڵێت: "من داوادەکەم لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنە سەر هێڵ و ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن، لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان بە ستەملێکراو دەزانین." 
 
حەکیم خەڵکی ناحیەی کەلەکچییە، تەمەنی 38 ساڵ بوو و خاوەنی هەشت منداڵ بوو؛ لە دهۆک کڕین و فرۆشتنی بە ئۆتۆمبێلەوە دەکرد. تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و لەدوای تەواوبوونی رێکارە کارگێڕییەکان رەوانەی باشووری کورستان دەکرێتەوە.