بەرپرسیار؛ بەهۆی نەدانی کرێ 15 رۆژە ماڵی کرێنشینێک قوفڵ دراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کرێنشینێک لە هەولێر چوار کرێی خانوو قەرزارە، خاوەن خانوو قوفڵی لە دەرگە داوە و کەلوپەکانی بە بارمتە گرتووە. کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشین دەڵێت، هیچ یاسایەک رێگە بە قوفڵکردنی دەرگەی ماڵی کرێنشین نادات. تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینەکە دەدات.
 
ئەمین کەریم، باوکی دوو منداڵە، پێنج مانگە لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد خانوویێکی بە 350 هەزار دینار بە کرێ گرتووە. لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "خانوو و ئۆتۆمبێلم بۆ نەخۆشیی منداڵێکم فرۆشت. کوڕەکەم گرێیەکی لە مێشکی هەیە و ئۆتیزمی هەیە."
 
هاوژینی ئەمین لەگەڵ دوو منداڵەکەی 15 رۆژە لە ماڵی باوکی دەژین. ئەمین کارەکەی لە بنەسڵاوەیە، دوای گەڕانەوەی لە کار، لە یەکێک لە پارکەکانی هەولێر رۆژ دەکاتەوە.
 
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر، بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەمین دەکات. شێخ محەممەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕەکە، لە بەرپرسیار گوتی: "کرێی 6 مانگی بۆ دابین دەکەین. لەگەڵ خاوەن خانوو قسە دەکەین و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەین. هەوڵ دەدەین بەشێک لە کەلوپەلی نێوماڵیشی بۆ دابین بکەین."
 
ئەمین و هاوژینەکەی 11 ساڵە هاوژینییان پێکهێناوە و دوو منداڵی تەمەن 8 ساڵ و 6 ساڵانیان هەیە.
 
بەپێی یاسای  خانووبەرە هەموارکراوی ساڵی 2019 ، هیچ خاوەن خانوویێک ناتوانێت کرێچییەکەی هەراسان بکات "تەنانەت ئەگەر گرێبەستەکەیشی تەواوبووبێ ناتوانێ دەریبکات". کارزان رەسوول، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشین، لە بەرپرسیار، گوتی: "نووسینگەکان سەریان لە کرێچی شێواندووە. دەبێت ئەنجوومەنێک بۆ نووسینگەکان پێکبهێندرێت."
 
ئەمین کەریم کرێکارە لە کارگەیەکی سنووری قەزای بنەسڵاوە بە مووچەی 500 هەزار دینار. دوای بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "خانوویێکی کرێ لە نزیک کارەکەم بە نرخی کەمتر دەگرم. هاوژین و منداڵەکانم دەگەڕێنمەوە. ماڵەکەم دەگوازمەوە بۆ خانوویێک کە بگونجێ لەگەڵ داهاتم."