ئۆتۆمبێلێک لە کەرکووک تەقییەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا

01-09-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
شوێنی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە کەرکووک. وێنە: رووداو
شوێنی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ئۆمیگا لە بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک گڕی گرت، کە جیا لە شۆفێرەکە سەرنشینیشی تێدابوو. توانرا شۆفێرەکە رزگار بکرێت، بەڵام سەرنشینەکە بە تەواوی سووتا.
 
بەپێی زانیاریی تایبەت کە دەست رووداو کەوتووە، گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی تەقینەوەیەک بووە، شایەتحاڵەکانیش هەر باسیان لەوە کرد؛ هەرچەندە لە شوێنی رووداوەکە و بەپێی زانیاریی سەرەتایی دەزگا ئەمنییەکان، تەقینەوەکە بەهۆی تانکیی سیستمی گازی ئۆتۆمبێلەکەوە روویداوە.
 
لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ ئۆمیگا، پێش نیو کاژێر بەر لە ئێستا ئاگری گرت، دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە بۆمان دەرکەوت کە ئەم ئۆتۆمبێلە تەحویل کراوە بۆ گاز و هۆکاری تەقینەوە و سووتانیشی ئەو گازەیە کە ئێستا لەبەردەستمانە و وێنەی بووتڵەکەش دیارە کە لە شوێنی خۆی نەماوە."
 
لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دوو کەس هەبوون، ئۆزال ئەتێلا لەدایکبووی 1991 گیانی لەدەستدا و شۆفێرەکەش کە ناوی ئیبراهیم کیفاح فاتیحە و تەمەنی 30 ساڵە و بریندارە.
 
سامان مەردان، شایەدحاڵ گوتی، "بازاڕ هەمووی قەرەباڵخ بوو و خەڵکێکی زۆری لێبوو، لەناکاو تەقییەوە و دەنگەکەی زۆر بەهێز بوو. کەس نازانێت چییە و هێزە ئەمنییەکان بۆیان روون نەبووەتەوە چی بووە."
 
پۆلیسێکی هاتووچۆ کە توانیی زوو فریای بریندارەکە بکەوێت و رزگاری بکات، دەڵێت، "لای سەرنشینی تەنیشت شۆفێرەکەوە هەڵتەکاوە." بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە لێکۆڵینەوەی تیمە تایبەتمەندەکان یەکلایی بووەتەوە لەوەی بڕێک تەقەمەنی لە ئۆتۆمبێلەکەدا هەبووە.
 
رێبوار قادر، کارمەندی پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێت، "گوێم لە تەقینەوەیەک بوو و ژێر پێم لەرییەوە؛ گەیشتمە شوێنەکە و سەرنشینی یەکەمم دەرکرد و دووەمم بۆ دەرنەکرا و سووتا. هۆکاری تەقینەوەکەش دەڵێن، سیستمی گازە، ئەگەر سیستمی گازیش بێت، گازەکە لەژێر سەکنەکە بووە، بەڵام گاعیی ژێری سەکن نەماوە. لەوانەیە لەگەڵ سیستمی گازەکە، شتی دیکەش زیادکرابێت بۆی."
 
جیا لە کوژراو و بریندارێک کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، سێ کەسی دیکە لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەوە بوون، کە لەکاتی تەقینەوەکەدا بریندار بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و هادی عامری.

نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری: ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.