قیرگیستان 95 ژن و منداڵ لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەباتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ستایشی حکومەتی قیرگیستان دەکات لە دوای ئەوەی بڕیاری دا 95 لە هاووڵاتییەکانی لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان بباتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ی ئابی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبەیاننامەیەکدا ستایشی ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی قیرگیستانی کرد بەوەی بڕیاریداوە هاووڵاتییەکانی خۆی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان وەربگرێتەوە.
 
لەوبارەیەوە، ماتیو میلەر دەڵێت: "ئەوە هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی چارەسەرکردنی دۆخی مرۆیی و ئاسایشی ناوچەکە."
 
رۆژی چوارشەممە، 30ی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی قیرگیستان رایگەیاند لە چوارچێوەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە هەردوو کەمپی رۆژ و هۆل، 95 کەسیان گەڕاندووەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی قیرگیستان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد لە چوارچێوەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانیان کە کەسوکاری چەکدارانی داعش بوون و ماوەی چەند ساڵێکە لە کەمپەکانی رۆژ و هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەژین، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە رێگەی فرۆکەیەکی تایبەتەوە، 95 هاووڵاتی قیرگیزستان گواسترانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، کە لە 31 ئافرەت و 64 منداڵ پێکهاتبوون. 
 
لە بەیاننامەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی قیرگیستان، ستایشی هاوکارییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان بەشێوەیەکی پارێزراو. 
 
هەروەها وەکو بەشێک لە پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان، حکومەتی قیرگیستان، هاوکاریی مرۆیی و پێداویستی تەندروستی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دابین دەکەن. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە دوو هەزار و 390 کەس لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن وڵاتانەوە، بێجگە لە سووریا و عێراق، وەرگیراونەتەوە.  
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، ئێستا نزیکەی 35 هەزار کەس لەو دوو کەمپەدا ماون و چاوەڕێن حکومەتەکانیان وەریانبگرنەوە. 
 
لە 7ی تەممووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، داوای لە وڵاتان کرد، بەردەوام بن لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان کە لەو دوو کەمپەدان و راشیگەیاند وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکان، تاکە چارەسەرە بۆ ئەو پرسە.
 
هەر لەو راگەیێندراوەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ستایشی رۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات لە پاراستنی ئەو هەزاران ئافرەت و منداڵە و هەروەها هاوکاریکردنی وڵاتان لە ئاسانکاریی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکان بۆ وڵاتی خۆیان.
 
وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەوروپا ترسیان لەوە هەیە بە گەڕانەوەی ژن و منداڵانی داعش، هزری تووندڕۆیی بڵاوببێتەوە و ببێتە هۆی ناسەقامگیریی لە ئەوروپا.