پڕۆژەیەک لە سلێمانی بە 'هەوارگەی مەرگی کرێکاران' ناودەبرێت؛ ئەمساڵ دوو کرێکار تێیدا گیانیان لەدەستداوە

01-09-2023
پێشەوا بەختیار
وێنەی یوسف، کە بەیانیی رۆژی هەینی 1ی ئەیلوول لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا
وێنەی یوسف، کە بەیانیی رۆژی هەینی 1ی ئەیلوول لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

بەیانیی رۆژی هەینی لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی گەنجێک لەکاتی کرێکاریدا گیانی لەدەستدا، کەسوکاری چوونە دادپزیشکیی سلێمانی و تەرمەکەییان وەرگرتەوە؛ یوسف سەجیل کە بە رەچەڵەک عەرەبە و دانیشتووی سەماوەیە، ئەو گەنجەیە گیانی لەدەستداوە.
 
ریاز هاشم ئامۆزای یوسفە و بەیەکەوە کاریان کردووە، دوای رووداوەکە یەکەم کەس بووە بینیویەتی، دەڵێت، "ئەو جێگەی کە کارمان لێدەکرد هیچ مەرجی سەلامەتیی تێدا نەبوو، بەربەستێکی لێ نەبوو، ماوەی 10 خولەک گەڕاین بەدوای یوسف لەنێو باڵەخانەکە، هەر دیار نەبوو، دواتر سەیری خوارەوەمان کرد لەوێ کەوتبوو، دەست و سەر و قاچی بە خراپی شکابوون و سکی هەمووی خراپبوو."
 
بەپێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، هۆکاری رووداوەکە کەمتەرخەمیی ئەو خاوەنکارە بووە کە یوسف کاری بۆ کردووە، تەنیا لە ساڵی 2023 ئەمە دوو رووداوی گیانلەدەستدانە لەو پڕۆژەیە.
 
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی سلێمانی دەڵێت، "رووداوەکانی گیانلەدەستدان لەم پڕۆژە بوون بە چەندین دانە لە برینداربوون و گیانلەدەستدان. داوا دەکەین لانیکەم وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەر هیچ نەبێت ماوەیەکی کاتی پڕۆژەکە رابگرن و لێکۆڵینەوەی لێبکەن، لەگەڵ کرێکارەکان ئەم نیوەڕۆیە کە قسەمان کرد؛ گوتیان، ئەو جێگەیە بووە بە هەوارگەی مەرگی کرێکاران."
 
یوسف لە نهۆمی دوازدەهەمی ئەو پڕۆژەیە لە کاژێر 09:00ی بەیانی کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، ئەو 20 رۆژە بۆ کارکردن لە سەماوەوە هاتووەتە سلێمانی، کەسوکارەکەی تەرمەکەیان بۆ زێدی خۆی گەڕاندەوە.
 
بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکاران، تەنیا لە ساڵی 2023دا لە هەرێمی کوردستان 30 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 24ی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".