لە ئیلام بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان چوار کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش بریندار بوون. بەرپرسانی پاریزگاکە دەڵێن، قوربانییانی رووداوەکان زیارەتکاری مەزارگە پیرۆزکانی شیعەن، کە بە مەبەستی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق دەکەن.
 
رۆژی هەینی 01-09-2023 ئەبولفەزڵ کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیلام رایگەیاند، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری دنا لە رێگەی سەرەکیی نێوان ئیلام - میهران لە نزیکی گوندی گۆلان وەرگەڕا و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەبولفەزڵ کەهزادی گوتی، سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە زیارەتکاری مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە و خەڵکی تاران بوون و لە عێراقەوە دەگەڕانەوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە شۆفێرەکە خەوی لێکەوتووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە، بۆیە ئۆتۆمبێلەکە وەڕگەراوە.
 
هەروەها لە رێگەی نێوان دێلۆران - میهرانیش رووداوێکی هاتووچۆ روویدا. حەمزە محەمەدی موقەدەم، بەڕێوەبەری مانگی سووری شاری دێلۆران رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405 لە رێگەی نێوان دێلۆران - میهران لە پردێکدا کەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە 5 سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون.
 
حەمزە محەمەدی موقەدەم گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنیان ناردووەتە شوێنی رووداوەکە و بە 3 ئامبۆلانس بریندارانی رووداوەکە گوێزرانەتەوە نەخۆشخانە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارانی رووداوەکە زیارەتکارن، کە ویستوویانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمەکانی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق بکەن.