فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی ئیلام دەکات

01-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئەمرۆ هەینی، 1-9-2023، میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، ژەنەرال حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای ئیلامی کرد و لە فڕۆکەخانەی شاری ئیلام لە لایەن شاکەرەمی، فەرماندەی سوپای ئەمیرەلمومنینی پارێزگاکە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو پارێزگایە پێشوازی لێکرا.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بڕیارە لەو سەردانەیدا فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران سەردانی دەروازەی سنووریی میهران بکات و بەدواداچوون بۆ خزمەتکردنی زیارەتکارانی شیعە بکات، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمەکانی چلەی ئیمام حوسێندا سەردانی عێراق دەکەن.
 
رۆژێک پێشتر، ئەحمەدرەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێرانیش سەردانی پارێزگای ئیلامی کرد.
 
چوونی زیارەتکارانی ئێران بۆ عێراق بەردەوامە. بەپێی دوایین ئامارەکان کە بەرپرسانی پارێزگای ئیلام بڵاویان کردوونەتەوە، تائێستا یەک ملیۆن و 697 هەزار کەس لە دەروازەی سنووری میهرانەوە چوونەتە عێراق.
 
سەید زاهیدین چشمەخاوەر گوتی، یەک ملیۆن و 256 هەزار و 456 زیارەتکاری ئێرانی و 24 هەزار و 928 سەردانکەری بیانی لە رێگەی دەروازەی سنووری میهرانەوە لە ئێران چوونەتە دەرەوە و 404 هەزار و 139 زیارەتکاری ئێرانی و 5 هەزار و 253 کەسی بیانی لە رێگەی هەمان سنوورەوە گەڕاونەتەوە.
 
چشمەخاوەر دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا سەرووی 224 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی سنووری میهرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە