تەندروستیی گەرمیان: تووشبووانی سکچوون و رشانەوە زۆرن و تەختی خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەلار نەماوە

01-09-2023
هونەر حەمید
نەخۆشێک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەلار. وێنە: رووداو
نەخۆشێک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەلار. وێنە: رووداو
نیشانەکردن سکچوون و رشانەوە
A+ A-
 
رووداو - کەلار

سامان مەحموود تەمەنی 43 ساڵە و دوو رۆژە لە نەخۆشخانەی قەڵایە لە کەلار، تووشی نەخۆشییەک بووە کە سەرەتا بە رشانەوە نیشانەکانی لێدەرکەوتووە؛ ئەو تەندروستیی جێگیرە، بەڵام بێهێزە و توانای هەستانەوەی نییە. تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، سەرجەم تەختەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پڕبوون و شوێن بۆ نەخۆشی دیکە نەماوە.
 
سامان مەحموود، نەخۆش دەڵێت، "کاژێر 02:30 خولەکی شەو بوو بەخەبەرهاتم، دڵم تێکدەچوو، تۆزێک دانیشتم و رشامەوە، هەتا کاژێر 03:00ی شەو هەر دەڕشامەوە، لەدوای ئەوە هاتم بۆ تەوارییەکە و ئاویان لێ هەڵبەستم، لەو کاتەوە نزیکەی 15 موغەزییان (ژیناویان) بۆ هەڵواسیوم و دەرزیی ئیلتیهابات و ئازاریان لێداوم."
 
بەناز هیوا تەمەنی 11 ساڵە، ئەویش تووشی هەمان نەخۆشی، سکچوون رشانەوە بووە، دوو رۆژە لە نەخۆشخانەیە لە کەلار. رێزان خەلیل، دایکی نەخۆش دەڵێت، "لە ماڵ خۆمان رشایەوە، دڵی تێکدەچوو، بردمان بۆ تەوارییەکە و دواتر ناردمانیان بۆ قەڵا؛ گوتیان ڤایرۆسە، ئێستا تەندروستیی باشترە."
 
لە نەخۆشخانەی قەڵا و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەید هەژار لە کەلار، 92 نەخۆش هەن کە تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
 
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، "لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ساڵانە پەتای وەرزی هەیە، ئەوەی ئەمساڵ تێبینمان کردووە زیاترە. لە بەڕێوەبەرایەتیمان سەرجەم قەرەویڵەکانمان پڕبوونەتەوە لە قەڵا و فریاکەوتنی کەلار."
 
لە ماوەی 24 کاژێردا لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری 35 نەخۆش و لە نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری لە باوەنوور 25 نەخۆش بە هۆکاری سکچوون و رشانەوە چوونەتە نەخۆشخانەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە