رووداو - سلێمانی
گەشتوگوزاری گەرمیان بڕیارێکی دەرکردووە بۆ وەگرتنی باجی ساڵانە لە خاوەن کەپرەکانی سەیرانگەی سەرتەک، بەڵام ئەوە نیگەرانیی خاوەن کەپرەکانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، ئەگەر حکومەت پارەیان لێ وەربگرێت، شوێنەکانیان دادەخەن.
دڵشاد عەبدوڵڵا، خاوەن کەپرى گەشتیاری بە رووداوی گوت: "حکومەت تاوەکو ئێستا بە دەنکە شقارتەیەکیش ئیشى بۆ ئێمە نەکردووە، بەڵام هاتووە باجمان لەسەر دادەنێت و ئەرک دەخاتە سەرشانمان. من بە ناوى هەموو خاوەن پڕۆژەکانەوە قسەدەکەم، ئەگەر حکومەت وابکات، شوێنەکانمان دادەخەین."
هێمن ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە خاوەن کەپرە گەشتیارییەکانی سەرتەک، دەڵێت: "لەم ساڵدا شارەوانى یەک جار هاتووە بۆ پاککردنەوەى ئەو هەموو خۆڵ و پاشماوەى گەشتیارییە، من خۆم ساڵى پار داوام کرد گەشتوگوزار سولفەیەکمان بداتێ بۆ ئەوەى شوێنەکە فراوان بکەین، بەڵام هەر وەڵامیشمان نەدرایەوە."
ئەو سەیرانگەیە نزیکەى سەدەیەکە پشتاوپشت بۆ جووتیارانى ئەو سنوورە ماوەتەوە، ساڵانى پێشوو شوێنەکەیان بۆ باخدارى، ئاژەڵداری و گاودارى بەکاردەهێنا، بەڵام نزیکەى 10ساڵە کراوەتە شوێنێکى گەشتیاری.
محەممەد شەفیق، گەشتیار باس لەوە دەکات: "ئەم شوێنە نزیک و دڵڕفێن و خۆشە بۆ ئەوانەى ناتوانن بچنە شوێنى دوورى وەک بێخاڵ و هەولێر و دهۆک، حەق نییە حکومەت بهێڵێت دابخرێت."
هەفتەى رابردوو لە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشدا، بەڕێوەبەرانى گەشتوگوزارى گەرمیان، خانووبەرەى میریى و ناحیەى مەیدان، بڕیارى یەکلاییکردنەوەى خاوەندارێتی، مۆڵەت و وەرگرتنى باجى ساڵانەیان لە خاوەن کەپرەکانی سەیرانگەى سەرتەک دا.
ئەنوەر عەبدولقادر، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گەشتوگوزارى گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو شوێنە گەشتیارییانە سێ جۆر خاوەندارێتییان هەیە کە دەبێت یەکلایی بکرێنەوە و مۆڵەتیان پێبدرێت، چونکە یان موڵکى خانووبەرەى میریین، یان کشتوکاڵ یانیش تاپۆى خەڵکەکە خۆیەتى."
لە سنوورى گەرمیان، 17 شوێنى گەشتیارى تۆمارکراون، بەڵام دووانیان کە ژاڵەناو و سەرتەکن، زۆرترین نێوبانگیان هەیە و بەلای گەشتیارانەوە دڵخوازن.
بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى گەشتوگوزارى گەرمیان، ساڵى رابردوو نزیکەى 411 هەزار گەشتیار و لە نۆ مانگى ئەمساڵیش زیاتر لە 260 گەشتیار سەردانى گەرمیانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ