داواکاری گشتی ئازادکردنی حوکمدراوانی بادینان بەمەرج رەتدەکاتەوە

01-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان داوا دەکەن مانگرتووانی زیندانی چاکسازیی هەولێر مانگرتن بشکێنن؛ پارێزەرێکی حوکمدراوان دەڵێت، داواکاری گشتیی چاکسازیی هەولێر رەتیکردەوە حوکمدراوانی شیلادزێ "ئازادکردنی بەمەرج" بیانگرێتەوە و ئەوانیش بڕیارەکە تەمیز دەکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2022، بەشدار حەسەن، نوێنەری تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە مانگێکە حوکمدراوانی بادینان بۆ داواکردنی ئازادبوونی بە مەرج مانگرتنیان راگەیاندووە و بەشی زۆریان تەندروستییان تێکچووە؛ ئێمەش بۆ پاراستنی ژیانیان داوای شکاندنی مانگرتنیان لێدەکەین".
 
بەشدار حەسەن دەڵێت: "داواکاری گشتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر لەسەر ئازادکردنی بە مەرجی حوکمدراوانی بادینان بۆچوونی خۆی خستەڕوو و رایگەیاند، کە سزای حوکمدراوان پەیوەندی بە نەهێشتنی تیرۆرەوە هەیە، (مکافحە ئیرهاب)ـەوە هەیە و ئازادبوونی بە مەرج نایانگرێتەوە".
 
بەشدار حەسەن دەڵێت، بۆچوونەکەی داواکاری گشتیی چاکسازی لە رووی یاساییەوە "هەڵەیە". گوتیشی: "داواکاری گشتی پشتی بەستووە بە ماددەی سێ لە نەهێشتنی تیرۆر ساڵی 2018، بەڵام حوکمدراوان یاسایەکی دیکەیە و پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە".
 
سەبارەت بە دۆسییەی حوکمدراوانی بادینان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئەیلوول، تیمی پارێزەران لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند: "رای گشتی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادارن کە رۆژنامەنووس و چالاکڤانانی بادینان لەسەر بیروڕای ئازاد و پیشەی رۆژنامەڤانی سزادراون، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئێستا لەناو چاکسازیی گەورانی ھەولێر سزا لەسەر گیراوانی بادینان و مانگرتووەکانی دیکە بەردەوامە، بۆیە لەبەر پاراستنی دۆخی تەندروستییان و وەکو پرسێکی مرۆڤایەتی داواکارین زیندانیانی بادینان مانگرتنەکەیان بشکێنن".
 
تیمی پارێزەران لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆ "پاراستنی مافەکان"یان رەوانەی چاکسازیی سلێمانی بکرێن، چەند خاڵێک دەخەینەڕوو کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
 
یەکەم: پێویستە رێکارە کارگێڕییەکان بۆ گواستنەوەی زیندانییانی بادینان بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی بکرێت، کە داواکەیان پێشکێشی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ھەولێر کردووە، ئەمەش مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە.
 
دووەم: بە حوکمی ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییەی لەپشت سزادانی زیندانییانی بادینان لە ھەولێر بەسەر ھەموو دامەزراوەیەکدا زاڵە، دەیان جار ئەو گیراوانە سزادراون، بێبەشکراون لە چەندین مافی سەرەتاییان.
 
سێیەم: بە بیانووی جیاواز و نامەنتقی رێگری لە پارێزەران و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوەی دیکە دەکرێت سەردانی سزادراوانی بادینان بکەن.
 
بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، گواستنەوەی حوکمدراوان لە رووی یاساییەوە کارێکی ئاساییە و لە ماوەی رابردوودا چەند کەیسێکی هاوشێوە لە هەولێرەوە بۆ دهۆک و لە چەمچەماڵەوە بۆ هەولێر گواستراونەتەوە.
 
حوکمدراوانی شیلادزێ بەگوێرەی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزادراون، لە ماددەکەدا هاتووە: "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی، سزا دەدرێت."
 
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
 
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تاریق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.