گەنجە کوردەکان لە شاری ئەعزازن لە سنووری حەلەب و دۆخیان خراپە

رووداو دیجیتاڵ

54 گەنجی باشووری کوردستان لە تورکیا دەستگیرکراون بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆیان بە سووری ناساندووە، رەوانەی سووریا دەکرێن و ئێستا لە شاری ئەعزازن لە سنووری حەلەب.
 
گەنجەکان تەمەنیان لە نێوان 16-30 ساڵاندایە و لە دوێنێ سێشەممەوە براونەتە شاری ئەعزازی سووریا. باوکی یەکێک لەو گەنجانە بەناوی حەسەن حوسێن بە گریانەوە بە رووداوی گوت، 54 کەسن و لە ئەعزازن و دۆخیان زۆر خراپە. لە شوێنێکی مەترسیداردان و خواردن و خواردنەوەیان باش نییە. داوا لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگەرەکەی دەکات بەهانایانەوە بچن.
 
ئەو گەنجانە خەڵکی رانیە، هەولێر، سلێمانی، چەمچەماڵ و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستانن.  سەفین سەرگەڵوویی، یەکێک لەو گەنجانەی ئێستا نێردراوەتە سووریا پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو " سەرجەممان خەڵکی باشووری کوردستانین و لە چەند کاتێکی جیاوازدا چووینەتە تورکیا بۆ ئەوەی لەوێوە بتوانین بپەڕینەوە بۆ یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام لە شاری دیلۆک لە باکووری کوردستان لەلایەن هێزی ئەمنیی تورکیاوە دەستگیر کراین".
 
ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموومان رێککەوتین کە بە سووری خۆمان بناسێنین بەو ئومێدەی دیپۆرت نەکرێینەوە، بەڵام تورکیا ناردینیە سووریا و ئێستا لە شوێنێکی تەسکدا لە باڵەخانەیەک لە شاری ئەعزاز لە باکووری حەلەب نیشتەجێ کراوین".