رووداو دیجیتاڵ
بە هەزاران ماسی دەریاچەی زرێباری مەریوان مرداربوون و سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی شارەکەش دەڵێت، چوار ساڵە ئەو کێشەیە هەیە و پێشی پێ ناگیرێت.
چەند رۆژێکە ئەو ماسییانەی لە دەریاچەکە مرداربوون، سەرئاوکەوتوون. کە چەندین جۆری جیاوازی ماسین. لانی کەم لە چوار ساڵی رابردوو لەم وەرزەدا ئەو رووداوە لەو دەریاچەیە دووبارە دەبێتەوە.
ئیبراهیم هیمەت بڵند، سەرۆکی فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی مەریوان رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی قەوزە و چالاکیی پلانکتۆنی لە ئاوی زرێبار و بەرزبوونەوەی پلەکانی هەوا، رێژەی ئۆکسجینی نێو ئاوەکە کەمبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی قڕبوونی ماسییەکان. دەشڵێت، رێژەیەکی زۆر لە پاشماوە و ئاوەڕۆ لەگەڵ پاشماوەی پەینی کیمیایی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەڕژێنە نێو دەریاچەکە و "ئەوەش بووەتە مەترسییەکەی گەورە" لەسەر بوونەوەرەکانی نێو ئەو دەریاچەیە.
رووبەری دەریاچەی زرێبار دوو هەزار و 400 هێکتارە و یەک لە گرنگترین دەریاچە ئاو شیرنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەیان جۆر بوونەوەری ئاوی و باڵندە لەو دەریاچەیەدا دەژین.
د. مەنسوور سوهرابی، پسپۆڕی ژینگە لە ئەڵمانیا لەبارەی ئەو کێشەیەی بۆ دەریاچەکە دروستبووە رایگەیاند، کاتێک پەین تێکەڵی ئاوەکە دەبێت، ناهێڵێت ئۆکسجین بگات بە ژێرەوەی دەریاچەکە و بەوهۆیەوە ئەو بوونەوەرانە، وەک ماسییەکان، مرداردەبن.
لەبارەی راوکردنی ماسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو رووداوە، ئەو شارەزایەی ژینگە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەیان دەبێت لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە بکرێت کە ئایا چ جۆرە ماسییەک بۆ راوکردن دەبێت.. "بەڵام هێشتا روون نییە کە بەو هۆیەوە ئەو رووداوە لە زرێبار روویدابێت".
ناسیح حوسەینی، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەتوانین بڵێین پەنگخواردنەوەی خۆراک لەو دەریاچەیە، بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ مرداربوونی ماسییەکان". بۆ ئەوەش دەڵێت، "بەداخەوە چەند ساڵێکە ماسیگرەکان پەین دەکەنە ئاوەکە هاوکات لە چرکەیەکدا پێنج لیتر لە پاشەڕۆ دەچێتە دەریاچەی زرێبار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ