رووداو - هەولێر
رادیۆی رووداو وەزرێکی نوێی کارکردنی دەستپێکرد. لە وەرزی نوێدا رادیۆی رووداو بە سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتووتر بەردەوام دەبێت و بە درێژایی 17 کاژێر لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 12:00ـی شەو بەشێوەی راستەوخۆ پەخشی دەبێت.
مانگی ئەیلوولی 2019 لاپەڕەیەکی نوێ لە پەخشی تەلەڤیزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵی رووداو هەڵدەدرێتەوە. لە وەرزی نوێی رووداودا رادیۆی رووداو ئاراستەیەکی نوێ دەگرێتەبەر.
سیروان عەباس، بەڕێوبەری رادیۆی رووداو دەڵێ "چەندین گۆڕانکاری دەکەین، کاری زیاترمان دەبێت بەراورد بە وەرزەکانی رابردوو. پەخشی راستەوخۆمان لە کاژێر 07:00ـی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو 12:00ـی شەو، واتە بەدرێژایی نزیکەی 17 کاژێر ئێمە راستەوخۆمان دەبێت. لە هەموو سەرە کاژێرەکاندا هەواڵمان دەبێت و چەندین بەرنامەی مەیدانی و بەرنامەمان لەنێو ستۆدیۆدا دەبن، گرنگی زیاتر بە خەمی خەڵک و کۆژانەکانی دەدەین لەپێناو چارەسەرکردنیان، ئێمە زیاتر فۆکەس دەخەینە سەر چارەسەری کێشەکانی خەڵک".
ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە، رادیۆی رووداو بە سیستەمێکی پێشکەوتووی دەنگ و تەکنیک دەستی بە پەخش کرد، بەڵام لە وەرزی نوێدا دەنگ و تەکنیک نوێتر و پێشکەوتووتر دەبن لە جاران.
زانست سەلیم، مۆنتێر لە رادیۆی رووداو باس لەوە دەکات لە وەرزی نوێدا "گرفتەکانی تەکنیکمان زۆر کەم دەبنەوە... لە رووی ستۆدیۆوە زۆر ستۆدیۆکانمان پرۆفیشناڵ کردووە و گرنگیمان پێداوە و، لایەنی سۆشیاڵ میدیاشمان لەبیر نەکردووە، هەموو کار و چالاکییەکانی بەرهەمی رادیۆمان لە رێگەی پەیجی فەیسبووکی رووداو رادیۆ یان چەناڵی یوتووبی رووداوەوە بڵاودەکەینەوە".
رادیۆی رووداو هاوکات لەگەڵ پەخشی تەلەڤیزیۆنی رووداو و لە 29ـی ئایاری 2013 دەستیپێکردووە، ئێستا لەسەر دوو شەپۆلی 102.9 و 102.7 پەخش دەکات، لە ساڵی 2014ـەشەوە رادیۆی رووداو خراوەتە لیستی رادیۆ جیهانییەکان لەسەر ماڵپەڕی جیهانی تیون ئین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ