نێچیرڤان بارزانی: بەغدا ئەرکی خۆی بەرامبەر کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێنەکردووە

رووداو - دهۆک

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بادینان رایگەیاند، بەغدا ئەرکی خۆی بەرامبەر کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێنەکردووە و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرکی دەستووریی، یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران جێبەجێبکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.

سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی لە یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بادیناندا سەردانی دهۆکی کرد و لە بەردەم قوربانییەکان و کەسوکار و کونسڵی وڵاتاندا رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنفالی کوردستانی بە جینۆساید و کۆمەڵکوژی ناساندوە، دەبێت حکومەتی بەغدا پابەندی بڕیارەکە بێت و بە ئەرکی خۆی هەستێت و قەرەبووی زیانلێکەوتوانی کوردستان بکاتەوە.  

نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرکی دەستووریی، یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران جێبەجێبکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە. 

 

دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 

کەسوکاری خۆشەویستی ئەنفالکراون.. خەڵکی خۆڕاگری بادینان.. میوانانی هێژا، هەموو لایەک بەخێربێن بۆ ئەو رێوڕەسمە.

من دەمەوێت بە تایبەتی بەخێرهاتنی کونسوڵی وڵاتانی بیانی بکەم کە لەو رێوڕەسمەدا بەشدارن، سوپاسیان دەکەین کە زەحمەتیان کێشا لە هەولێرەوە بۆ ئێرە هاتوون تاوەکو بەشداری لەو رێوڕەسمەدا بکەن.. بەخێربێن.

لەو ئێوارەیەو لەو شوێنە یادی کارەساتێکی جەرگبڕی کارەساتی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە، لەو شوێنە لە قەڵای نزارکێ پێش 30 ساڵ تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە دڕندەترین شێوە ئەنجامدرا، باوک لەبەرچاوی منداڵەکەی ئەشکەنجە دراو کوژرا، خوشک و برا و دایک و باوک لەیەک جوداکرانەوە و بێسەروشوێنکران، بەڵام کوا تاوانکاران، ئەوان ئەمڕۆ لە زبڵدانی مێژوودان، بادینان و دهۆک و کوردستانیش ئازاد و سەرفرازە.

بەڵێ ئێمە لێرە کۆبووینەوە بۆ ئەوەی یادی گیانی پاکی هەزاران شەهید بکەینەوە، ئەوانەی لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی 1988 کەوتوونەتە بەر یەکێک لە دڕندانەترین تاون لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

لە 25ـی ئاب تاوەکو 6ـی ئەیلوولی ساڵی 1988 دوای ئەوەی شەڕی ئێران و عێراق کۆتاییهات، پێنج فەیلەقی سەربازنی عێرای گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیان دژی بادینان ئەنجامدا، لە گوند و ناوچەکانی سنووری دهۆک، زاخۆ، ئامێدی و شێخان خەڵکی ناوچە موسڵمان، ئێزدی و مەسیحی نشینەکانیان کردە ئامانج و دەستیان لە هیچ کەسێک نەپاراست.

ئەمڕۆ لەو رێوڕەسمەدا من سێ نموونەم بینی.. دایکێک کە پێنج لە کوڕەکانی ئەنفالکراوە، برایەک پێنج کەس لە ماڵباتەکەی ئەنفالکراوە، کچێکی مەسیحی کە لە ماڵباتەکەی ئەوان تەنها ئەو ماوەتەوە، ئەمە هەمووی لە بادینان کراوە.

ئەنفالی بادینان کۆتایی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالبوو، کە بەرفراوانترین جوگرافیای گرتەوە، 620 گوند بەر ئەو شاڵاوە کەوتن، کە تێیدا تاوانی کۆمەڵکوژی و دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی لە دژی خەڵکی سڤیلی بادینان ئەنجامدرا و چەکی کیمیایی لە 70 شوێنی جیا جیادا بەکارهێندرا، لە هەندێک شوێنیش خەڵک گولـلەباران کران، نزیکەی 25 هەزار ماڵبات دەربەدەربوون، بە هەزارانیشیان ئاوارەی تورکیا بوون و بە هەزارنیشیان بۆ دەوروبەری هەولێر راگوێزران و لە جەژنیکان و بەحرەکە گەمارۆدران، خەڵکی جوامێری هەولێریش لە جەژنیکان و بەحرکە و خەڵکی ئەو ناوچەیە بە گشتی هەڵوێستێکی مرۆڤانە و کوردستانییەی مەزنیان پیشانداو بەهەموو توانای خۆیانەوە هاریکاری ئەوانیان کرد و ئەوانیان بێخاوەن نەهێشتەوە، ئەو جوامێریەی ئەوان هەڵسوکەوتێکی زۆر جوانی مێژووی کوردستانە و هیچ جارێکیش لەبیر ناکرێت، تا هەتایە جێگەی رێز و پێزانین و شانازییە.

لە یادەدا جارێکی دیکە لێرەوە رێز و سڵاوی پێزانینی خۆمان بۆ خەڵکی هەولێر، جەژنیکان و بەحرکە و دەوروبەری دەنێرین، هەروەها بۆ پەنابەرانی کورد لە ئەوروپاش دەنێرین کە لەو دەمەدا دەنگ و هاواری ئەنفالکراوانیان بە هەموو شێوەیەک گەیاندە جیهان.

لەو تاوانە دڕندانەیەدا بە هەزارن شەهید بوون و تەرمەکانیان نەدۆزرایەوە، تاوەکو ئێستاش تەرمی 21 لەو شەهیدانە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە هەولێر دۆزراونەتەوە، هێشتا رێکاری پزیشکی و یاسایی بۆ ناسینەوەیان کۆتایی نەهاتووە، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و کەسوکاری ئەنفالکراون دەکەین پێکەوە هاوکاربن هەموو پشکنینێکی خوێن و DNA پێویست ئەنجام بدەن، بۆ ناسینەوەیان، تاوەکو بە رێز و حورمەتەوە لە رێوڕەسمێکدا بگوازرێنەوە بۆ بادینان و بەخاکبسپێردرێن. ئەمڕۆش لە میانی ئەو رێوڕەسمەدا تەرمی 13 شەهیدی ئەنفالکراوی بادینان بەخاک دەسپێرین، کە ئەوانیش لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزراونەتەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز... هەر لە گرتن و کوشتن و دەربەدەرکردنی خوشک و برایانی فەیلی ئێمە تاوەکو دەگاتە ئەنفالکردنی بارزانییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەنفالی گەرمیان و خۆشناوەتی و بادینان، تا دەگاتە سەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی ئێمە و کوشتن و دەربەدەرکردنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، ئەو کارەساتە هەر هەمووی بەرهەمی یەک ئەقڵیەتن، ئەقڵیەتێک نەتوانێت پێکەوەژیان و لێبووردەیی، فرەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی قبووڵبکات، بەڵان بە خۆڕاگری و بەرخودانی گەلی کوردستان و بە قارەمانیەتی پێشمەرگەی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە کوردستان هەر دەمێنێت و گەلی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە ژیانی خۆی، هەموو ئەو زوڵم و زۆر و هەموو ئەو چەک و هێرشانەی دوژمن هینایە سەر ئەو وڵاتە، نەیانتوانی پێکەوەژیانی گەلی کوردستان و فرەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی تێکبدەن، گەلی کوردستان خۆڕاگر مایەوە و بۆ هەموو لایەکیان سەلماند کە گەلێکی ئاشتیخواز و ژیانخواز و مرۆڤدۆستە، بۆ هەموو لایەکیان سەلماند کە هیچ هێز و چەک و زۆردارییەک ناتوانێت ئێمەو ئاشتیخوازی، ئێمە و پێکەوەژیان لەیەک جودا بکاتەوە.

بادینانی خۆشەویست و رەنگین شوێنی پێکەوەژیان و ئارامییە، بادینان پێگری بە یاساو بەرژەوەندی بڵندی گەلی ئێمەیە، قەڵای بەرگری و خۆڕاگرییە، بادینان هەمیشە دەرگا و دڵی کراوەتەوە بۆ هەر مرۆڤێک کە چووبێت بۆی، جێگەی قارەمان و شەهیدانە، باشترین نموونەی پێکەوەژیان و ژیانخوازی و ئاشتیخوازی گەلی کوردستانە، ئەمڕۆ لە 1ی ئەیلوول لە رۆژی جیهانی ئاشتی، لە کاتێکدا یادی یەکێک لە گەورەترین کارەسات و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەبەرامبەر گەلی کوردستاندا دەکەینەوە، لە کاتێکدا کە یادی جینۆسایدکردنی میللەتێک دەکەینەوە، جارێکی لەو رۆژەدا پەیامی ئاشتی پێکەوەژیان بۆ جیهان دەنێرین، ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین، ئێمە دەمانەوێت لەسەر خاکی خۆمان بە ئازادی و ئاشتی و پێکەوە بژین، لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا بۆ هەموو لایەک پشتڕاستی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکو شوێنی پێکەوەژیان و ئاشتی دەمێنێتەوە، پەیامی حکومەت و کەسوکاری قوربانیان هەموو گەلی کوردستانیش ئەوەیە، پێکەوەژیانی ئێمە لەکوردستان بەردەوام دەبێت.

لەو یادەدا دەمەوێت داوا لە حکومەتی عێراق بکەم، هەموو ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەخلاقییەکانی بەرامبەر بە کەسوکار و قوربانیانی ئەنفال بەجێبگەینێت و لەلایەنی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوویان بکاتەوە، پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەبێت پێداگری لەسەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بکەن و ئەنفال وەکو جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی لە قەڵەم بدات، ئەو بڕیارە و ماددەی 132ـی دەستووری عێراق حکومەتی عێراق پابەند دەکات قەرەبووی ناوچە ئەنفالکراوەکان بکات، هەروەها دەبێت ژیانی ماڵبات و کەسوکاری قوربانییەکان دابینبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق نە ئەرکی خۆی لەبەرامبەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان و نە ئەو ماددە دەستوورییە بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکردووە، حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەبێت بە جددی شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریێتیە و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکار و قوربانیان بکرێتەوە، هەروەها ئەو داواکارییە بەشێکی سەرەکی دەبێت لە دانوستاندنی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستانە لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا.

کەسوکاری ئەنفالکراون....

حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرباش ئاگاداری رەوشی ئێوەیە، خزمەتکردنی ئێوەش یەکێک لە ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتە، دانانی وەزارەتێک بەناوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان نیشانەی گرنگیدانی حکومەتە بە رەوش و ژیان و پاشەڕۆژی ئەو خۆشەویستانە، تاوەکو ئێستا حکومەت چی پێکرابێت کەمتەرخەمی نەکردووە، بەڵام ئێمە باش دەزانین هێشتا گەلێک خزمەت ماوە کە دەبوو بۆ ئێوە بکرابووایە، ئەوەی تاوەکو ئێستاش بۆتانکراوە زۆر لەوە کەمترە کە وەکو حکومەت دەمانەوێت بۆ ئێوە بیکەین، چونکە ئێوە شایەنی هەموو خزمەتێکن و پێویستە بکرێت، من دەمەوێت ئێوە پشتڕاست بکەمەوە کە چ شتێک لە دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە خزمەتی ئێوەدا دەبین، لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بەردەوام هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ئێوە قەرەبوو بکرێنەوە، پاش بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەوڵدەدەین ماف و شایستەی کەسوکاری ئەنفالکراون و شەهیدان لەگەڵ عێراق هاوتا بکەین، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دروستبووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بە‌غدا دانوستاندن بکەن، هیوادارین بگەنە ئەنجامێکی باش بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێویست بە کاری باشتر دەکات بۆ ئەوەی ئەنفال و کیمیاباران و گرتن و بێشەروشوێنکردنی بە سەدان هەزار هاووڵاتی کوردستان وەکو جینۆساید بناسێندرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کەیسی جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو دادگا نێودەوڵەتییەکان ئەو کەیسانە وەکو جینۆساید بناسێنن، بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە دژی میللەتانی دیکە بگیرێت.

ئامادەبووانی هێژا.. خەڵکی خۆڕاگری بادینان

هەندێکجار گوێمان لێدەبێت دەڵێن دهۆک یان بادینان پشتگوێخراوە، دهۆک و بادینان هەردەم سەنگەرێکی بەهێز بووە لە بەرامبەر دووژمنان و هەردەم ئەو سەنگەرە دەمێنێتەوە، ئێوە پشتڕاست دەکەمەوە دهۆک و بادینان هەردەم لە دڵی ئێمەدایە، ئێوە پشتڕاست دەکەمەوە کە رۆژی سەخت و دژوار دەربازدەبێت و رۆژی گەش لە هیوای ئێمەیە، هیچ جارێک هەڵوێستی ئێوە لە رۆژانی تەنگدا لەبیرناکرێت، خەبات و خۆڕاگری ئێوە و شارەکانی دیکەی کوردستان رێگە لەبەردەم پاشەڕۆژێکی گەش و روون بۆ میللەتی ئێمە دەکاتەوە، ئێمە لەو رۆژانەدا لە کاتێکی ناسک و هەستیاردا دەژین یەکڕیزی و یەکگرتنی ئێمە تاکە کلیلی دەرگای پاشەڕۆژی گەش و سەرفرازییە، ئێمە دۆزێکی رەوامان هەیە، ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێک، چۆن پێشتر سەرکەوتووبووینە ئەمڕۆش سەردەکەوین، ئێمە حەز بە دیالۆگ و ئاشتی دەکەین، ئەو رێگەیەش بە رێگایەکی باشتر دەبینین بۆ چارەسەرکرنی هەموو کێشەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا ئامادەین بەرگری لە دەستکەوتەکانی خۆمان بکەین، ئێمە پێکەوە بەهێزین و هەر پێکەوەش دەمێنین لە کوردستاندا.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن