چێشتخانەیەک لە هەولێر تەنیا خواردنی کوردەواری پێشکەش دەکات

رووداو- هەولێر

هێشتا بەشێکی هاونیشتمانییان ئارەزووی خواردنی کۆنی کوردەواری دەکەن و هەندێک جۆر خواردن هەیە وەکو خۆیان دەڵێن ئەگەر نەیخۆن"دڵیان داناکەوێت".


لە هەولێر چێشتخانەیەک تەنیا خواردنی کوردەواری پێشکەشی میوانەکانی دەکات و لە شارەکانی دیکەشەوە خەڵک روو لە چێشتخانەکە دەکەن، چێشتخانەکە بە کەلوپەل و خواردنەکانی سەرنجی خەڵكێکی زۆری راکێشاوە.

کە دەچیتە ژوورەوە یەکەم شت جاجم و کەلوپەلە کوردەوارییەکان سەرنجت رادەکێشن، وەستا رەمەزانیش لەبەر میوانەکان دێت و دەچێت. بۆنوبەرامەی خواردنیش وات لێ دەکات تامی خواردنە کوردییەکان بکەیت.

میوانەکان دەستە دەستە دێنە نێو ئەو چێشتخانەیەی لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری هەولێر کراوەتەوە. میوانەکان هەندێکیان خاوەنکار و خەڵكی شارن، هەندێکیشیان لە شارانی دیکەوە هاتوون.

خواردنەکان بەدەستەوای کوردی و بەشێوەیەکی شارەزایانە ئامادە دەکرێن، ئەمەش وای کردووە بەشێک لە کڕیارەکان بۆ ئەوە بێنە ئەم چێشتخانەیە تاوەکو تامی ئەو خواردنە کوردەواریانەیان بێتەوە دەم کە لە ساڵانی زوودا خواردوویانە و ئێستا ئەم چێشتخانەیە چەشەی خواردنی کوردیان بۆ زیندوو دەکاتەوە.

رەمەزان تەنیا سەرکار نییە، بەڵکو  هاوڕێی شاگرد و میوانەکانیشیەتی، ئەو سەرەتا لە دووکانێکی بچووکەوە دەستی پێکردوە و وردە وردە فراوانی کردووە و لە چێشتخانەکەیشیدا جۆری خواردەکانیشی بەسەر رۆژانی هەفتەدا دابەشکردووە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو خواردنگانەی خواردنی کوردی پێشکەش دەکەن و سیمایەکی کەلەپووریان هەیە لە باشووری کوردستان برەویان پێدراوە و بەردەوامیش جمەیان دێ لە میوان.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان