تەرمی ئەو گەنجەی لە ئیتاڵیا کەوتە ژێر شەمەندەفەر گەڕێندرایەوە دەربەندیخان

رووداو دیجیتاڵ

تەرمی گەنجێکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان دوای 22 رۆژ لە گیانلەدەستدانی لە ئیتاڵیا بەهۆی ئەوەی کەوتبووە ژێر شەمەندەفەر، گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و بەخاک سپێردرا.
 
گەنجەکە ناوی چیا قارەمان بوو و خەڵکی قەزای دەربەندیخان بوو، ئەو لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی چووبوونە ئەورووپا. تەرمەکەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 01-08-2024) لەلایەن رێکخراوێکی تایبەت بە کاروباری ئاوارە و پەنابەران گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەو هاونیشتمانییە ویستبووی لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵەکەی بە شەمەندەفەر لە ئیتاڵیاوە بچنە فەرەنسا، بەڵام لە رێگەدا تووشی ئەو کارەساتە بوو.
 
سلێمان سەعید، قایمقامی دەربەندیخان لەو بارەوە بە رووداوی گوت، "چیا لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی سواری شەمەندەفەرەکە بوون، بەڵام بەر لەوەی بەڕێبکەوێت، منداڵەکانی داوای ئاویان کردووە و ئەویش دابەزیوە؛ کە ئاوی بۆ هێناون، بینیوێتی شەمەندەفەرەکە کەوتووەتەڕێ، چیا هەوڵدەدات بچێتە نێو شەمەندەفەرەکەوە، بەڵام بەداخەوە دەکەوێتە ژێر شەمەندەفەرەکە و گیان لەدەستدەدات."
 
گوتیشی، ''ئەو گەنجە خزم و پاسەوانی تایبەتیی من بووە و، ماوەی 16 ساڵ لە هێزەکانی نێوخۆدا کاری کردووە.''
 
ماردین حەمید، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، لانیکەم 35 هاووڵاتی و هاونیشتمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەهۆی کۆچی نایاسایی گیانیان لەدەستداوە، کە ''رێکاری گەڕانەوەی تەرمەکانیان کاتی پێویستە و تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی تەرمەکان دەگەڕێندرێنەوە.''
 
ماردین حەمید گوتیشی، ''سەرجەم ئەو کەیسانەی لای ئێمە تۆمار کراون، بە کراوەیی ماونەتەوە و هەوڵدان بۆ گەڕان و زانینی سۆراخێک لەسەر قوربانیانی کۆچی نایاسایی، بەردەوامە. ئەو تەرمانەی لە ماوەی رابردووشدا لەلایەن دەزگای لووتکەوە گەڕێندراونەتەوە، لەسەر داواکاریی کەسوکاریان بووە.''