دوای 27 رۆژ عەتا سەراوی ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای 27 رۆژ لە دەستگیرکردنی، بەیانیی ئەمڕۆ عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئازادکرا.
رۆژی پێنجشەممە 01-08-2024 پێشڕەو، کوڕی عەتا سەراوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 08:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ باوکم، عەتا سەراوی لەلایەن ئاسایشەوە ئازادکرا، دوای ئەوەی ماوەی چەند رۆژێک دەستگیرکرابوو، ئێستا لە سەراوە و گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە."
کاژێر 04:00ـی بەیانی رۆژی 5ـی مانگی رابردوو، عەتا سەراوی لە کاتی گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا.
ئەوکات پێشڕەو عەتا سەراوی بە رووداوی گوتبوو "باوکم بە پاساوی کێشە لە پاسپۆرتەکەی و بوونی سکاڵایەک لەسەری، دەستگیرکراوە."
دەستگیرکردنی عەتا سەراوی، لەکاتێکدا بوو، رۆژی هەینی 19ـی مانگی نیسانی ئەم ساڵ ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی تەقییەوە کە دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بووە، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی بکەری تەقینەوەکە و وردەکارییەکەی بڵاونەکراوەتەوە، کوڕەکەشی گوتی: "هیچمان لەبارەی بکەرانییەوە پێنەگوتراوە."