ئەندامێکی یەکێتی: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر داوای سوودانی دواخرا

رووداو دیجیتاڵ 

'بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە'، بەڵام بە گوتەی ئەندامێکی یەکێتیی ئەنجوومەنەکە 'بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەکە دواخرا."
 
هۆشیار هیجران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی دوێنێ رێککەوتن هەبوو بۆ ئەوەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق داوایکرد کۆبوونەوەکە دوابخرێت، بۆیە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ناکرێت."
 
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی، رایگەیاند ئەوان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ئاگادار نەکراونەتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو نیمچە رێککەوتنێکی بڵاونەکراوە هەیە بۆ ئەوەی یەکێتی لەگەڵ بەشێک لە عەرەبەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەندامەکەی کریستیان کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری کەرکووک بەبێ تورکمان و پارتی بکرێت، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی ئەم رێککەوتنەوە گوتیان "ئاگادار نین."
 
دوێنێ چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، پێنج ئەندامەکەی یەکێتی و ئەندامەکەی پێکهاتەی کریستیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، داوایەکیان ئاراستەی سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەن و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و یاریدەدەری پارێزگای کەرکووک بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی کردبوو بۆ کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
 
رووداو پەیوەندیی بە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمانەوە کرد، بەڵام گوتیان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ئاگادار نەکراونەتەوە.
 
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ـى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک و دیالە یەکلایی بکرێتەوە.
 
پۆستی پارێزگار و شێوازی وەرگرتنی لەنێوان پێکهاتەکانی "کورد، عەرەب و تورکمان" گرێکوێرەی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەیە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیان یەک کورسی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.