دانەوێڵەی ئیلام: 71%ی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، تائێستا 71%ی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرجکراوە و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی بەشەکەی دیکەی پارەکە بەردەوامە.
 
ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵەوە تائێستا 349 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە. کۆی گشتیی پارەی گەنمەکەش 6 تریلیۆن و 112 ملیار تمەنە و تائێستا 71%ی پارەکە، کە دەکاتە 4 تریلیۆن و 337 ملیار تمەن، خەرجکراوە. بەدواداچوونەکانیشیان بۆ خەرجکردنی تریلیۆنێک و 747 ملیار تمەنەکەی دیکە، کە دەکاتە 29%ی پارەکە، بەردەوامە.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17 هەزار و 500 تمەن (30 سەنت) و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن (31 سەنت) لە جووتیاران دەکڕێتەوە.
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا جووتیارانی پارێزگای ئیلام چەندین جار لە دژی پێنەدانی پارەی گەنمەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.
 
ئەمساڵ لە پارێزگای ئیلام لە رووبەری زیاتر لە 150 هەزار هێکتار گەنم چێنراوە کە 58 هەزار هێکتار زەویی بەراو و زیاتر لە 92 هەزار هێکتار زەویی دێمییە.
 
ساڵی پار لەو پارێزگایە لە رووبەری زیاتر لە 134 هەزار هێکتار گەنم چێنرابوو کە 57 هەزار هێکتار زەویی بەرئاو و زیاتر لە 77 هەزار هێکتار زەویی دێمی بوو و بۆ یەکەمجار بەرهەمهێنانی گەنم لەو پارێزگایە گەیشتە 390 هەزار تۆن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە