منداڵێکی حەوت ساڵان لە زاخۆ گرێی مێشکی هەیە و پێویستیی بە هاوکاریی بەپەلەیە

رووداو دیجیتاڵ 

منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ لە زاخۆ، گرێ لە مێشکی دروست بووە و پێویستی بە چارەسەرە، بەڵام خێزانەکەی توانای دابینکردنی پارەی نەشتەرگەرییەکەیان نییە و بەو هۆیەوە، مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
 
یوونس محەممەد تەمەنی 7 ساڵە، لە هەشت مانگییەوە گرێ لە مێشکی دروستبووە. دوای تەمەنی یەک ساڵی براوەتە هیندستان و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ، دووبارە گرێی بۆ دروسبووەتەوە. 
 
شلە لە مێشکی یوونس کۆدەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە قەبارەی سەری گەورە دەبێ.
 
خێزانەکەی ئەو منداڵە کەمدەرامەتن، بەهۆی ئەوەی دایکی یوونس لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، لە خێزانەکەشیان برای گەورەی تەمەنی 17 ساڵە و قاچی شکاوە، ئێستا لە ماڵ کەوتووە. یوونس یەک خوشکی هەیە و دایکیان دەڵێ، بەهۆی کەمدەرامەتییەوە هەرسێکیان لە خوێندن دابڕاون.
 
ئەو خێزانە لە گەڕەکێکی زاخۆ نیشتەجێن. رووناک هاشم، دایکی یوونس، لە بەرنامەی بەرپرسیار کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی "کاسبکارم نییە. مووچەم نییە. توانام نەماوە خەرجیی یوونس دابینبکەم. ئێستا زۆر پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەڵام بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانین ئەنجامی بدەین."
 
 
نەشتەرگەرییەکەی یوونس "لە هەرێمی کوردستان دەکرێت".
 
دکتۆر ئەنجام ئیبراهیم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار، لە بەرپرسیار، گوتی "کردن و سەرکەوتنی ئەو نەشتەرگەرییە لە هەرێمی کوردستان ئاسانە. بەڵێن بێت هاوکاریی ئەو نەخۆشە دەکەم."
 
 
بە گوتەی دایکی یوونس، لە هیندستان پێیان گوتوون، جارێکی دیکە ئەو گرێیانە سەرهەڵنادەنەوە و تێیپەڕاندووە. بەڵام دکتۆر ئەنجام ئیبراهیم، رەتیدەکاتەوە لە زانستی پزیشکیدا شتێک هەبێ بەناوی گەرەنتیی نەشتەرگەری و دەڵێ "نەشتەرگەرییەکەی یوونس لە هیندستان سەرکەوتوو نەبووە و بەشێکی گرێکەی سەری ماوە."