دانیشتووانی هەولێر 'هەوای ژەهراوی' هەڵدەمژن
رووداو دیجیتاڵ
لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، دانیشتووان رووبەڕووی ململانێی پیسبوونی ژینگە و هەوا بوونەتەوە. لەکاتێکدا کە موەلیدە ئەهلییەکان و ئۆتۆمبێلەکان سووتەمەنییەکی زۆر و کوالێتی نزم دەسووتێنن، هەناسەی دانیشتووانی شارەکە ژەهراوی بووە. لە وەرزی هاویندایش دووکەڵێکی رەش ئاسمانی شارەکە دادەپۆشێت.
پسپۆڕانی پاراستنی ژینگە لەبارەی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی شاری هەولێر هۆشداری دەدەن.
ساڵح نەجیب، پرۆفیسۆر لە بەشی سەرچاوە سروشتییەکانی زانکۆی سلێمانی، لەبارەی هەوای هەولێر قسەی بۆ رووداو کرد و هەوای هەولێری بە دیاردەی "سمۆگ"ـەکەی لەندەن چوواند.
لە ساڵی 1952 هەوای لەندەن دووچاری دیاردەی تێکەڵبوونی دووکەڵ و تەم بووەوە و دیاردەکەش بە "سمۆگ" ناوبرا. تەم و دووکەلێكی تاریک شارەکەی گرتووە و خۆی خزاندە نێو هەموو ماڵەکانی شارەکە، ئەوەش دوای ئەوە روویدا کە بەریتانیا بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کە لە جەنگی دووەمی جیهانی کردبوونی، حکومەت خەڵوزە باش و گرانەکانی هەناردەی دەرەوە دەکرد و هاووڵاتییانی نێو بەریتانیاش خەڵوزە هەرزان و دەوڵەمەند بە گۆگردەکەیان بەکاردەهێنا.
ساڵح نەجیب لەبارەی هەوای کوردستان پرسیار دەکات و دەڵێت: "چەند کەس بەهۆی ئەو دووکەڵە ژەهراوییەی ئاسمانی شارەکانی گرتووەتەوە گیان لەدەست دەدەن؟"
لە نیسانی ئەم ساڵ، جاسم فەلاحی، جێگری وەزیری ژینگەی عێراق لەبارەی ژینگەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "هەولێر یەکێکە لەو شارانەی عێراق کە پیسترین هەوایان هەیە".
جێگری وەزیری ژینگەی عێراق هۆکاری پیسبوونی ژینگەی هەولێری بۆ دووکەڵی موەلیدە ئەهلییەکان و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل گەڕاندەوە کە سووتەمەنییەکی کوالێتیی نزم بەکاردەهێنن.
سەنگەر ساڵح، سەرۆکی بەشی کیمیا لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەلاحەددین لەبارەی کێشەی ئەو سووتەمەنییەی کە لە کوردستان بەکاردەهێندرێت بە رووداوی گوت: "گەورەترین کێشەی ئەو سووتەمەنییەی کە لە کوردستان بەکاردەهێندرێت ئەوەیە کە رێژەیەکی زۆر گۆگردی تێدایە".
سەنگەر ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێرانی کوردستان تانکیی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ دەکەن لە سووتەمەنییەک کە ناستانداردە و پڕە لە گۆگرد.
سەنگەر ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو گۆگردی زیاتر لەنێو ئەو سووتەمەنییەدا هەبێت کە شۆفێران بەکاریدەهێنن، رێژەیەکی زیاتری دوانۆکسیدی گۆگرد دەچێتە نێو بەرگەهەوا".
کۆبوونەوەی گەردیلە ژەهراوییەکانی وەکو دوانۆکسیدی گۆگرد لە بەرگەهەوادا بەشدارە لە پیسبوونی هەوای شارەکان و کێشە بۆ خوێنبەرەکانی دڵ دروست دەکات و کێشەی تەنگەنەفەسیش دروست دەکات.
لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا، حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان رێسای تووندتریان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گۆگرد و پێکهاتە ژەهراوییەکانی دیکە لە بەرهەمە نەوتییەکان دەرکردووە.
بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاستی گۆگرد لە ناو دیزڵ نابێت لە 50 PPM زیاتر بێت، واتە لە هەر ملیۆن تەنۆلکەی دیزڵ، نابێت لە 50 زیاتریان گۆگرد بن. بەڵام ستانداردە عێراقییەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە ئاستی گۆگرد لە ناو دیزڵ دەبێت کەمتر لە 8،000 PPM بێت.
ساڵح نەجیب، هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوای هەولێری بۆ موەلیدە ئەهلییەکان و ئۆتۆمبێل گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، "ئەو سووتەمەنییەی کە بۆ موەلیدەکان بەکاردەهێندرێت رێژەیەکی زۆر دوانۆکسیدی گۆگردی تێدایە".
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان دا هەن، کە تەنیا 20 هەزاریان ماتۆڕسکیلن و ئەوی دیکەی ئۆتۆمبێلی مامناوەند، گەورە و بارهەڵگرن. هاوکات نزیکەی پێنج هەزار و 500 موەلیدە هەن، ئەوەش جگە لە بەکارنەهێنانی فلتەری دووکەڵ لەلایەن کارگەکان، کە ئەمانەش هۆکاری پیسبوونی ژینگەن.
بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2020ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەنێو شاری هەولێر نزیکەی 60 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو هەبوون.
ساڵح نەجیب، بەدواداچوونی بۆ موەلیدەکانی شاری سلێمانی کردووە و دەڵێت: "تەنیا موەلیدە ئەهلییەکانی ئەو شارە 265 کیلۆگرام دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەخەنە بەرگەهەوا. هەروەها 980 گرام دوانە ئۆکسیدی گۆگرد دەخنە بەرگە هەواوە".
ساڵح نەجیب ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەبێت موەلیدە ئەهلییەکان بە دووری 300 تاوەکو 500 مەتر لە دووری شوێنەکانی نیشتەجێبوون دابنرێن.
ساڵح نەجیب، لە شوباتی ئەم ساڵ بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەو بەنزینەی کە لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت ئاستی ئەو گۆگردەی کە تێیدایە 25،000 تاوەکو 29،000 ملیۆن تەنۆڵکەیە.
بەگوێرەی ستانداردی عێراقی، ئاستی ئەو گۆگردەی کە بەنزینی نۆرماڵ دایە نابێت لە 100 PPM زیاتر بێت، بەنزینی موحەسەن و سوپەریش نابێت ئاستی گۆگردی لە 10 PPM زیاتر بێت.
سەنگەر ساڵح لەو بارەیەوە توێژینەوەیەکی کردووە و لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، لە هەولێر تەنیا 9.1 بەنزینی نۆرماڵ بەگوێرەی ستانداردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەروەها بەنزینی محەسەن تەنیا 13.6 و بەنزینی سوپەریش 16.7 بەگوێرەی ستانداردەکانە.
ساڵح ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت بەنزین لەسەر ئاستی گەردیلەیی بەهێز بکرێت، بەڵام لە کوردستان پاڵاوگەکان توانایەکی سنوورداریان بۆ ئەو مەبەستە هەیە.
بەگوتەی ساڵح، لەنێو ئەو بەنزینەی کە لە کوردستان دەفرۆشرێت، چەندین پێکهاتەی کیمیایی وەکو toluene, xylene تێکەڵ دەکرێن و چەندین مەترسی تەندروستی هەیە.
بەگوێرەی سەنتەری کۆنترۆلکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، xylene دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی پێست، چاو لووت و گوێ و دەکرێت کێشە بۆ هەناسەدان دروست بکات.
شەش هۆکاری پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان
پسپۆڕێکی ژینگە شەش هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە (هەوا) لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، چارەسەرنەکردنی هۆکارەکان، رەنگە بەرەو کارەساتمان ببەن.
د. رێبین سەمەد، سەرۆکی بەشی ئەندازایاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلەتەنکنێکی هەولێر (پسپۆڕی پیسبوونی خاک و هەوا) شەش هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان دیاریی دەکات کە بەم شێوەیەن:
یەکەم: هۆشیاریی تاک لەبارەی ژینگە، لە حکومەتەوە تاوەکو هاووڵاتی "لاوازە و وەکو پێویست نییە."
دووەم: سیستمی موەلیدەی ئەهلی، کە جگە لە دووکەڵەکانیان، کوالێتیی سووتەمەنییەکانیان زۆر خراپن.
سێیەم: پاڵاوگەی نایاسایی "لەدوای ساڵی 2003 دەیان پاڵاوگەی نایاسایی و نائاسایی دروستکراون، کە سەد لە سەد دژی ژینگەن و دوورن لە ستاندارد."
چوارەم: کارگەکان "کە زۆر کەم رەچاوی پاراستنی ژینگە دەکەن."
پێنجەم: وێستگەکانی کارەبا، "ئەوانیش رەچاوی پاراستنی ژینگە ناکەن."
شەشەم: زۆریی ئۆتۆمبێل
راپۆرت بە ئینگلیزی: دیدار عەبدولڕەحمان