ئاگر لە شاخی گۆیژە کەوتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بۆ دووەم جار ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە. 
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئاگرەکە لە بەشی خوارەوەی شاخی گۆیژە کەوتەوە؛ دوای کاژێرێک ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە کۆنتراڵکرا.  
 
بەگوێرەی پەیامنێری رووداو، ئەو شوێنەی ئاگری لێ کەوتووەتەوە، رێگەی هاتووچۆی نییە و شوێنی گەشتیاریش نییە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هۆکاری پشت کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 29-07-2024 ئاگرێکی گەورە لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و زیاتر لە 200 دۆنم سووتا. بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە زۆر تەشەنەی کرد و رووبەرێکی فراوانتری لە دارستان و پووش و پاوانی شاخەکە گرتەوە.
 
مانگی ئەیلوولی 2019 ئاگرێکی گەورە لە شاخەکە کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر دارەکانی سووتان، لەدوای ئەو ئاگرە نەمامی دیکە لە شاخەکە چێندران، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەی ئەمڕۆوە بەشێکی زۆری ئەو نەمامانەش سووتاون.