سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە كۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کرد

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە یان برێم كۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسیەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ و هەورەها هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.
 
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی ئێکسدا دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم دووپات لە دۆستایەتیی و پەیوەندی مێژوویی نێوان کوردستان و فەرەنسا کرایەوە. هاوکات گفتوگۆی دوایین پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی لە عێراق و ناوچەکە و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم کرا."