سێ کچی کوردی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان رزگارکران

 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە رزگارکردنی سێ کچی کوردی ئێزدییان لە کەمپی هۆڵ و سەر سنووری نێوان سووریا-عێراق راگەیاند، کە ساڵی 2014 لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرابوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، لە راگەیێندراوێکدا یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە رایگەیاند، دوو کچی گەنج و منداڵێکیان رزگار کردووە کە لە 3ی ئابی 2014 لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن چەکدارانی ئەو گرووپەوە رفێنرابوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی یەپەژە، "دوو کچەکە یەکێکیان ناوی عەزیزە خالید عەلییە و تەمەنی 25 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان ناوی تەواف داوود چەتۆیە و تەمەنی 24 ساڵە. هەروەها منداڵەکە ناوی خوناڤە و لە کاتی رفاندنیدا تەمەنی تەنیا دوو مانگ بووە."
 
یەپەژە دەڵێت: "عەزیزە خالید عەلی و خوناڤ لە کەمپی هۆڵ رزگارکراون، هەروەها تەواف چەتۆ لەسەر سنووری سووریا و عێراق لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە و دوای لێپرسینەوە لەگەڵی زانراوە کە کچە کوردێکی ئێزدی خەڵکی گوندی تەلعوزێری سەر بە شنگالە و ویستوویەتی خۆی رزگار بکات."
 
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە باشووری شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و کەسوکاری چەکدارانی داعش لەو کەمپەدا جێگرکراون.
 
رۆژی 7ی تەمووزی 2024، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ژمارەی دانیشتووانی کەمپی هۆل 41 هەزار و 74 کەس دەبن، لەو ژمارەیە 18 هەزار و 160 کەسیان عێراقی، 16 هەزار و 503 کەسیان خەڵکی سووریان، شەش هەزار 411 کەس دەبێت، خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
 
داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشی کردە سەر ناوچەی شەنگال و دەوروبەری، 6417 کوردی ئێزدی رفاند کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لەو ژمارەیە تائێستا 3570 کوردی ئێزدی رزگارکراون و چارەنووسی 2646 کەسیش هێشتا دیارنییە.