رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دوایین دەرفەت دەداتە زانکۆکان بۆ ئەوەی لیستی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانیان بۆ بنێرن بەمەبەستی دامەزراندنیان، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدینیش دەڵێت "ئەنجوومەنی راژە، داوای ناوەکانی کردووە."
بەپێی نووسراوێک کە رۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکان کراوە، داوایان لێدەکات دوایین بانگەواز بۆ دەرچووانی سێ یەکەمی دانەمەزراو لەسەر ئاستی بەش لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانیان بکەن، ئەوانەی دەرچووی ساڵانی 2017-2018، تاوەکو 2022-2023ـن و ئاگاداریان بکەنەوە لەماوەی یەک هەفتەدا و، تاوەکو 8ـی ئەم مانگە، سەردانی لیژنەی بایۆمەتریی پەیوەندیدار بکەن بۆ ئەوەی کاری پێویستیان بۆ بکرێت.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمە دوایین دەرفەتە دەدرێتە ئەو کەسانە، پێویستە لەو ماوەیەی بۆیان دیاریکراوە، سەردانی لیژنەکانی بایۆمەتری بکەن، ئەو داواکارییە لە ئەنجوومەنی راژەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە."
بایۆمەتری ئەو دەرچووانە بۆ ئەوەیە بزانرێت دامەزرێندراون یان نا، هەروەها ژمارەیەک زانیاریی تێدایە لەسەر ئەو کەسانە بۆ دامەزراندنیان وەردەگیرێت.
رۆژی سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لیستی کۆتایی ناوی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە دەرچووانی ساڵانی 2017-2018، 2018-2019، 2019-2020، 2020-2021، 2021-2022، 2022-2023 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدا بکرێن و کار لەسەر دامەزراندنیان بکرێت.
10ـی ئایار، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوێک داوای لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لە پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی (2017-2018) تاوەکو (2022-2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ