کوردستان
کارمەندێکی کۆمیسیۆن رێنوێنیی دەنگدەرێک دەکات لە هەڵبژاردنی رابردوو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
11ـی ئەم مانگە، لە شاری هەولێر تیروپشک بۆ ناوی کارمەندانی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا رۆژی یەکشەممە 11ـی ئاب، تیروپشک بۆ ناوی کارمەندانی سەر سندووقەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت لە شاری هەولێر."
گوتیشی "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە زیاتر لە 43 هەزار کارمەند دەبێت بۆ ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن هاوکاری کۆمیسیۆن بن لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان."
دوای تیروپشکەکە، ئەوانەی ناویان دەردەچێت راهێنانیان لەسەر رێکارەکانی دەنگدان و میکانیزمەکانی پێدەکرێت ''بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی بێلایەن و بێگەرد بەڕێبکەین.'' جومانە غەلای وا دەڵێ.
ئەو کەسانەی بۆ رۆژی دەنگدان کۆمیسیۆن پێویستی پێیانە بە زۆرینە فەرمانبەری حکومەت و دەرچووی زانکۆ دەبن، ئەوانەن کە پێشتر فۆرمی تایبەت بەو بابەتەیان پڕکردووەتەوە.
ئەو بڕە پارەیەشی دەدرێتە کارمەندانی کۆمیسیۆن بە گوتەی غەلای هێشتا دیارینەکراوە، "دواتر بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دیاریدەکرێت."
بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار تەرخانکراوە.
بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بکرێت. 1198 بەربژێر وەکو سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاوپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمار کردووە.
لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 دەنگدەر لە چوار پارێزگاکە کە چوار بازنەی هەڵبژاردنن، هەن، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەریان گشتی و 215 هەزار و 960 دەنگدەری تایبەتن. هەزار و 266 بنکە و 6 شەش هەزار و 318 وێستگەش هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ