وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تاوتوێی دانپێدانان بە زانکۆی ئاکرێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سێ رۆژە لە قەزای ئاکرێن بە مەبەستی داننان بە زانکۆی ئەو شارە. دوای وردبینی، شاندەکە راپۆرتێک دەداتە وەزارەتی خوێندنی باڵا.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە، شاندێکی حەوت کەسیی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە قەزای ئاکرێن و سەردانی باڵەخانە، شوێن، کەرەستە، کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی ئاکرێ دەکەن بە مەبەستی دانپێدانانی لەلایەن ئەو وەزارەتەوە.
 
شاندەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 1ی ئابی 2024 لە قەزاکە دەمێننەوە، تاوتوێی ئەو پێداویستییانە دەکەن کە پێویستن بۆ دانپێدانان.
 
شاندەکە لەو خاڵانەش دەکۆڵێتەوە کە پێویستن بۆ دانپێدانانی زانکۆکان لەلایەن وەزارەتەکەوە. دوای تەواوبوونی کارەکانیان راپۆرتێک دەدەنە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر جێبەجێکردن و پابەندبوونی زانکۆکە بە پێوەرەکانی دانپێدانان.
 
لە نووسراوێکدا بە ژمارە 2546 کە رۆژی 19ی حوزەیرانی 2023 دەرچووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی دوو زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان بوو.
 
زانکۆی ئاکرێ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو زانکۆیەکی حکومی دانیپێدانراوە، لە سێ کۆلێژ و دوو پەیمانگە پێکدێت، 21 بەشی هەیە، زیاتر لە پێنج هەزار و 300 خوێندکار و 500 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە.