لە ئێلیهـ گرووپێک هێرش دەکەنە سەر براندێکی ئەمریکی

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئێلیهـ ـی باکووری کوردستان، گرووپێک هێرشیان کردە سەر لقێکی براندی ئەمریکیی ستاربەکس و ئەو هاووڵاتییانەی لە ژوورەوەی بوون.
 
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراونەتەوە، درەنگی شەوی چوارشەممە (31ـی تەمموز) کۆمەڵێک گەنج بە درووشمی "تۆڵە بە ژیان و خوێن" هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی ستاربەکس، هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. هەروەها خەڵکی نێو ستاربەکس ئامانجی هێرشەکە بوون و لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتن.
 
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان لە سۆشیاڵمیدیا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و خەڵک داوایان کرد لێکۆڵینەوە لەگەڵ هێرشکەرەکان بکرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان؛ تیمەکانی پۆلیس دەستوەردانیان کردووە و ژمارەیەک گەنج دەستبەسەرکراون. 
 
لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هێرشێکی هاوشێوە لە پارێزگای ئامەد کرا، ئاسایشی ئامەد 16 کەسی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر لقەکانی ستاربەکس و بەرگەر کینگ دەستگیرکرد کە بە گوتنەوەی (جەنگ، جیهاد، شەهادەت) و (تەکبیر، ئەڵڵاهو ئەکبەر) هێرشیان کردبوو. 
 
هێرشەکەی شەوی رابردوو لە ئێلیهـ دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی هەمان رۆژ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا، ئیسرائیل بە کوشتنەکەی تۆمەتبار دەکرێت.