جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی دووساید لە کەرکووک زیاتر لە 5 مانگە جووڵەی خەڵکی پەکخستووە

02-08-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
پڕۆژەی دووسایدی نزیک پردی عەلی عەسکەری لە کەرکووک
پڕۆژەی دووسایدی نزیک پردی عەلی عەسکەری لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راگرتنی کارەکانی پڕۆژەیەکی دووساید لە نزیک پردی عەلی عەسکەری لە کەرکووک، زیاتر لە پێنج مانگە جووڵەی خەڵکی پەکخستووە. بەبێ ئەوەی رێگەی جێگرەوەی هەبێت و پەلە لە کارکردن تێیدا بکرێت، بە سستی کار لە پڕۆژەکەدا دەکرێت. دووکاندارێک دەڵێت، دووکاندار هەیە زیاتر لە چوار مانگە کرێی دووکانەکەی دەدات و کاریشی نەکردووە.
 
لەتیف عەبدوڵڵا، دووکاندارە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دواکەوتنەکەی چییە، فەرمانگەی کارەبا دوایانی خست، هەر رۆژێک دێن دوو سێ ستوون ئیش دەکەن و دەڕۆنەوە، بەڵێندەرەکە یەک شۆفڵ و حەفارە و دوو کرێکاری هەیە و دەڵێت 'من لەوە زیاتر ناتوانم کار بکەم تاوەکو کارەباکە تەواو نەبێت'."
 
تەنیا دواکەوتن و سستی لە جێبەجێکردنی پڕۆژە نییە، بەڵکو شێوەی ئەندازیاری و دەستکاریکردنی پڕۆژەکە لەوەی پلانی بۆدانرابوو نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
 
ئوسامە ستار، دانیشتووی گەڕەکی رەحیماوا باسی لەوە کرد، "جگە لەوەی ئیش و کارەکانیان زۆر دواکەوت و خەڵکیان بێ ئیش و کار کردووە، دەبووایا 3 مەتر بێت، ئەوان هەڵسان کەمیان کردەوە، رێگەکە و شۆستەکەیان تەسک کردەوە، لە هەندێک جێگە شۆستەکان یەک بستە یا نیو مەترە."
 
جگە لە دواکەوتن لە جێبەجێکردنی هەندێک لە پڕۆژەکان بە دیاریکراوی لە ناوچە کوردییەکان، رەچاوی گرنگیدان بە ژینگەیش نەکراوە. شارەوانیی کەرکووک نایشارێتەوە دواکەوتن و سستی لە کارکردن هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە لە بەشێکی پڕۆژەکان کێشەی کۆمپانیای نەوت و لە بەشێکی دیکەش کاری فەرمانگەکانی دیکە تێدەکەون و زوو بەدەمیانەوە نایەن.
 
فەرەیدون زەنگەنە، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک گوتی، "ئەو پڕۆژانەی دوادەکەون کێشەی هەیە، ناوچە کوردییەکان بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ دامەزراوەی نەوتی، ئەمە یەکێکە. کێشەی دیکەمان لەگەڵ فەرمانگە حکومییەکانی دیکە هەیە لەوانە ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا، ئێمە نووسراو دەکەین تاوەکو ئەو فەرمانگانە دێن بۆ ئەو شوێنە و چاکی دەکەن، بۆنموونە بۆریی ئاو داواکاریی خەڵکە، ئەمانە دەبێتە هۆکارێک بۆ دواخستن."
 
بەپێی ئاماری شارەوانیی کەرکووک؛ لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 750 هەزار مەتر دووجا کۆنکرێت و قیرتاو بۆ گەڕەکە کوردییە بێ تاپۆکان جێبەجێکراوە. ئەوەی جێی سەرنج و نیگەرانییە، هەندێک لەو رێگەوبانانە دوای ماوەیەک تێکدەچنەوە و بەردەوام چاکسازییان تێدا دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە