براوەی یەکەمی کێبڕکێی بیرکاریی روانگە بۆ 2023: بیرکاری وانەی دڵخوازمە و دەمزانی یەکەم دەبم
رووداو دیجیتاڵ
شەش قوتابی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کێبڕکێ بۆ گەیشتنە قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێی بیرکاری بۆ ساڵی 2023 دەکەن.
بەشداربووان لە قۆناخی پێش کۆتایی دەبێت وەڵامی 14 پرسیار بدەنەوە. لە شەش بەشداربووەکە سیانیان نەیانتوانی بگەنە قۆناخی کۆتایی.
محەممەد ئەیوب، مافیار محەممەد و محەممەد هێمن ئەو سێ بەشداربووەن کە گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێکە.
محەممەد ئەیوبی تەمەن 16 ساڵ خەڵکی سلێمانییە، بە کۆی 48 خاڵ توانی پلەی یەکەمی پێشبڕکێکە بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوانی بیرکاری لەسەر ئاستی کوردستان.
محەممەد ئەیوب، براوەی یەکەمی کێبڕکێی بیرکاریی دەزگای روانگە بۆ ساڵی 2023 بە رووداوی گوت: زۆر حەزم لە بیرکارییە و یەکێکە لە وانە دڵخوازەکانم؛ هەر سەرەتا کە بەشداری پێشبڕکێکەم کرد دەمزانی پلەی یەکەم بەدەستدەهێنم.
محەممەد هێمن پلەی دووەم و مافیار محەممەدیش پلەی سێیەمی پێشبڕکێکەیان بەدەستهێناوە. دەرچووانی پێشبڕکێکە لەلایەن دەزگای روانگە لە نێوان دوو هەزار تاوەکو 1250 دۆلار خەڵاتکران.
محەممەد هێمن گوتی: هەموو هەوڵی من ئەوەبوو پلەی یەکەم بەدەستبهێنم، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیم ببمە دووەم.
مافیار محەممەدیش کە پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، دەڵێت: ئەوە باشترین سەرکەوتنە بۆ من کە توانیم لە کۆی 392 قوتابی پلەی سێیەمی پێشبڕکێکە بەدەستبهێنم.
بۆ پێشبڕکێی ئەمساڵ 392 قوتابخانە لەسەر ئاستی نۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد.
هێرۆ مەحموود، دایکی محەممەد ئەیوبە و گوتی: لە سەرەتاوە پشتگیری کوڕەکەمم کردووە و بەردەوامیش دەبم لە پشتگیریکردنی.
دەزگای روانگه لە پێنجەمین پێشبڕکێی بیرکاری کۆتاییان بە پێشبڕکێکە هێنا و پڕۆژەکەیان رادەستی وەزارەتی پەروەردە کرد.
گۆڤار کامیل، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای روانگە بە رووداوی راگەیاند: توانیمان پرۆژەکە بگەیێنینە ئەم ئاستە و لێرەوە پرۆژەکە رادەستی وەزارەتی پەروەردە دەکەین تاوەکو ئەوان بەردەوامی پێبدەن.
لە ماوەی پێنج ساڵدا دوو هەزار و 96 قوتابی لەسەر ئاستی قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری پێشبڕکێی بیرکارییان کردووە، لەو ژمارەیە پێنجیان بوونەتە پاڵەوانی بیرکاری و 29 قوتابی دیکەش پلەی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە.