رووداو دیجیتاڵ
پزیشکانی گەنج لە بەیانیی رۆژی 1ـی ئابەوە لەبەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بایکۆتیان دەستپێکرد.
پزیشکە گەنجەکانی سنووری سلێمانی 600 کەسن و دەڵێن، تاوەکو مووچە وەرنەگرن، ناچنەوە ناوەندە تەندروستییەکان.
راز زانا، پزیشکێکی گەنجە و دەڵێت: داواکەی ئێمە دیارە کە چیمان دەوێت، داوای مافی خۆمان دەکەین، ناکرێت و ناتوانین بەوجۆرە ئیش بکەین، ئیشەکەی ئێمە بەرپرسیارێتییە و قورسە بەس هەر حەز دەکەین بەردەوام بین، جێگەی مانەوەمان نییە جێگەی خواردنمان نییە کە لە دەرەوەی شار کاردەکەین، بەڵام ناکرێت مووچەش نەبێت.
شاد ساحبقران، پزیشکێکی دیکەی گەنجە و گوتی: تەنیا پزیشک نییە، ئەو کارگوزارانەشی لەگەڵمان کاردەکەن ئەوانیش مووچەیان نییە، دەبێت کارێک بکەین رێز بگەڕێنینەوە بۆ پزیشک و مووچەخۆر.
کارین جەنگی، پزیشکێکی گەنجە و گوتی: ئێمە دەزانین دوو رۆژی دیکە دەڵێن، مووچەی مانگی شەش دەدەین، بەڵام دیار نییە مووچەکانی دیکە کەی دەدەن دەمانەوێت هەر 30 رۆژ جارێک مووچە بدەن.
لە هەڵەبجە بەشێک لە پزیشکان بایکۆتیان کرد، بەوهۆیەوە دایک و کچێک لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەی شارەکە وەستاون بەهیوای چارەسەری سک ئێشەی کچە 12 ساڵانەکە، بەڵام بەبێ هیوایی گەڕانەوە، چونکە پێیان گوتراوە، بایکۆتە و تاوەکو مووچە نەیەت کار ناکەن.
شنۆ حەمید، دایکی نەخۆشێکە و دەڵێت: لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە هاتووم، کچەکەم نەخۆشە و سکی ئێش دەکات تاوەکو بەیانی بەدیارییەوە دانیشتووم هیچی لێ نییە، لە هەر دەرگایەک دەدەین، دەڵێن بایکۆتە؛ وانابێت دەبێت حکومەت چارەسەری بکات، چونکە کچەکەی من باجی دەدات.
جگە لە پزیشکانی گەنج کە لە مەڵبەندە تەندروستییەکان و بەشەکانی فریاکەوتن کاردەکەن، کارمەندانی تەندروستیش هۆشداری دەدەن ئەگەر تاوەکو کۆتایی هەفتە مووچە دابەش نەکرێت، ئەوانیش بایکۆت دەکەن.
لە وەڵامی داواکاری فەرمانبەران، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "کێشەکە کاتییە."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، جگە لە کەرتی تەندروستی بەشێکی دیکە لە فەرمانگەکان، بەهۆی دواکەوتنی مووچە بایکۆتی کاریان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ