رووداو دیجیتاڵ
دواقۆناخی پێشبڕکێی بیرکاری دەزگای روانگە بە هاوبەشی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، سێ قوتابی وەکو براوەی پێشبڕکێکە دەستنیشانکران و لەلایەن دەزگاکەوە خەڵات بەوان و قوتابخانەکانیشیان بەخشرا.
ئەمڕۆ سێشەممە یەکی ئابی 2023 قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێی بیرکاری 2023ـی دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە شەش قوتابی پێشبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە دەکرد.
پێشبڕکێی بیرکاری
پێشبڕکێی زانستیی دەزگای روانگە لە ساڵی 2019ـەوە دەستیپێکردووە و ئەمساڵ لە هەولێر 392 قوتابی لە سەرجەم قوتابخانەکاندا بەشداریان کرد و، لە قۆناخی یەکەمدا 63 قوتابی سەرکەوتوو بوون.
دەزگای روانگە ئامانجی پڕۆژەکەی بۆ گرنگیدان بە بەشە زانستییەکان لە کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دایک و باوکان بە بەشە زانستییەکان ناودەبات و دەیانەوێ قوتابیان لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ئارەزوویان بۆ بەشە زانستییەکان و بەتایبەتی بیرکاری زیاتر بێت.
قۆناخی یەکەم و دووەمی پێشبڕکێی بیرکاری
قوتابیان لە نۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، کەرکووک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین و زاخۆ بەشداریی پێشبڕکێکەیان کرد و لە قۆناخی دووەمدا لە 63 قوتابی، شەشیان گەیشتنە قۆناخی سێیەم و کۆتایی.
محەممەد هێمن حەسەن لە سلێمانی، مافیار محەممەد عەلی لە هەولێر، شاد ئاسۆ تۆفیق لە سلێمانی، محەممەد ئەیوب مەحموود لە سلێمانی، محەممەد عەبدولڕەحمان سادق لە هەولێر و هەیبە مەحموود سیراجەدین وەکو تاکە قوتابی کچ لە دهۆکەوە لە قۆناخی سێیەم بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی پاڵەوانی بیرکاری کێبڕکێیان کرد.
"هەزار و 96 قوتابی سوودمەند"
لە سەرەتای رێوڕەسمی قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێی بیرکاری، عەبدولسەلام مەدەنی، بەڕێوەبەری دەزگای روانگە گوتی، ساڵی 2019 دۆخەکە لەبار نەبوو بۆ ئەوەی ئەو پێشبڕکێیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بۆیە تەنیا لە هەولێر کرا، بەڵام لە 2020ـوەوە چوارەم ساڵە ئەم پێشبڕکێیە لەسەر ئاستی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت."
عەبدولسەلام مەدەنی رایگەیاند، "قوتابییانی بەشداربوو لە کێبڕکێکە لە پۆلی 10ی بنەڕەتی هەڵدەبژێردرێن؛ پێشبڕکێکەش گرنگی بە قوتابخانە حکومییەکان دەدات و تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 96 قوتابی لەو پێشبڕکێیە سوودمەند بوون و 29 کەسیان براوەبوون".
بەڕێوەبەری دەزگای روانگە باسی لەوەکرد، بەدەر لەوەی قوتابیانی براوە خەڵاتکراون، هاوکات ئەو قوتابخانەش کە قوتابییە براوەکان لێیان خوێندووە، لەلایەن دەزگای روانگەوە خەڵاتکراون.
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دەستپێکی پێشبڕکێکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "رێکخستنی پێشبڕکێی بیرکاری بە هاوئاهەنگی وەزارەتی پەروەردە و دەزگای روانگە، دەرگایەکی گەورە بەڕووی ئەو قوتابییانەدا دەکاتەوە کە بەشداری دەکەن."
پارێزگاری هەولێر گوتی، "ئەو سێکتەرانەی دەزگای روانگە کاریان لەسەر دەکات، کۆمەڵێک سێکتەری گرنگن بۆ دروستبوونی گەنجی باوەڕبەخۆ بۆ ئاییندە، لەبەرئەوەی رەخساندنی زەمینە بۆ داهێنانی گەنجان، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی وڵات و دامەزراوەکانی."
پاڵەوانی بیرکاری
شەش قوتابییە براوەکەی قۆناخی دووەم لە قۆناخی کۆتاییدا پێشبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی "پاڵەوانی بیرکاری" کرد و محەممەد ئەیووب بە 48 خاڵ یەکەم و ناسناوی پاڵەوانی بیرکاریی دەزگای روانگەی بەدەستهێنا.
هاوکات محەممەد هێمن بە 44 خاڵ بوو بە براوەی دووەمی پێشبڕکێکە و مافیار محەممەد بە 15 خاڵ ناسناوی سێیەمی پێشبڕکێی بیرکاری دەزگای روانگەی بەدەستهێنا.
خەڵاتەکان
دەزگای روانگە بەدەر لە براوەکان، خەڵاتی قوتابخانەکانیشیان دەکات و ئەمساڵ براوەی یەکەم بڕی دوو هەزار دۆلاری پێ بەخشرا و قوتابخانەکەشی بە هەمان شێوە بە بڕی دوو هەزار دۆلار خەڵاتکرا.
براوەی دووەم بڕی هەزار و 500 دۆلار خەڵاتی وەرگرت و قوتابخانەکەشی هەزار و 500 دۆلار خەڵاتی پێ بەخشرا؛ هاوکات براوەی سێیەم هەزار و 250 دۆلاری وەرگرت و قوتابخانەکەشی بە هەمان شێوە هەزار و 250 دۆلار خەڵاتی پێ بەخشرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ